كەسوكاری بێ سەروشوێنکراوەکانی كەركوك گردبوونەوەیان ئەنجامدا

كەسوكاری ئەو هاوڵاتیانەی کەرکوک کە لەدوای پڕۆسەی ئازادیی عێراقەوە بێسەوشوێنکراون، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و داوای دیاری کردنی چارەنووسی ئەو کەسانەیان کرد کە بێسەروشوێن کراون.


ئەمرۆ، لە بەردەم بیانی پارێزگای كەركوك كەسوكاری بێسەروشوێنکراوان كەركوك گردبوونەوە و داوای چارەنوسی نەوەكانیان لە ئیدارەی پارێزگاری كەركوك کرد.

لە گردبوونەوەكەدا، كە سەرجەم ئامادەبووان لە نەتەوەی عەرەب  پێكهاتبوون و حكومەتی هەرێم و ئاسایشی یەكێتی و پارتی و حەشدی شەعبی-یان بە دیار نەمانی كەسوكاریان تۆمەتبار دەكرد.

عەلی حوسێن، نوێنەری كەسوركاری بێسەروشوێنکراوەکانی كەركوك لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا بەیانامەی کەسوکاری بێسەروشوێنکراوەکانی خوێندوە کە تێیدا هاتبوو:" بۆ پارێزگاری كەركوك بەو پێەی بەرزترین دەسەڵاتی لەم شارە داوا لە بەڕێزتان دەكەین سەرجەم پەیوەندیەكان بخەیتە گەڕ بۆ دیاری کردنی چارەنووسی هاوڵاتییە بێسەروشوێنکراوەکان، بە تایبەت دوای ئەو بەیانامەیەی هەرێم، كە دەڵێت هیچ كەسێك بە بیانووی سیاسی لە زیندانەكانی هەرێمدانین، كەوایە چارەنووسی نەوەكانی ئێمە كوا، ئەمە دەرخەری ئەوەیە، كە چارەنووسی نەوەكانمان مەترسیدارە".

لەدرێژەی بەیاننامەکەدا داوا لە حزبە سیاسیە كوردییەكان وە دەزگا ئەمنیەكان کرابوو، کە چارەنووسی نەوەکانیان ئاشکرا بکەن، هەروەها هاتبوو: دوا لە هێزی چەسپاندنی یاسای كەركوك و سەرجەم بەرپرسەكان دەكەین، كە ڕۆڵەكانمان لە زیندانەكانی هەرێم دەربخەن كە بە بێ هیچ هۆكارێكی یاسایی لە زیندانەكانی هەرێمن، بۆیە داوا دەكەین گەر تاوانبارن نەوەكانمان ئەوا ڕادەستی هێزە ئەمنیەكانی كەركوكیان بكەنەوە.

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو: پێویستە نەتەوەیەكگرتووەكان و  مانگی سوری نێودەڵەتی ڕێكخراوی خاچی سور بێنە دەنگ لەسەر ئەم بابەتە دەستێوەردانی خێرا بكەن بۆ ئاشكرا كردنی چارەنووسی نەوەكانمان، ئەگەر كەس و لایەنەكان لەسەرمان نەیەنە دەنگ ئەوا ئێمە ڕێگای جەماوەری عەشایەری بەكار دەهێنین".

وەزیرە خزر،دایکی یەکێک لە بێسەروشوێنکراوان بە گریانەوە قسەی بۆ ڕۆژنیوز كردو وتی:" ئەو منداڵەی من چ تاوانێكی كردووە، كە حەوت ساڵە بێ سەروشوێنە، بەم هەژاری و دەست كورتیەوە جێگای عێراق نەماوە نەگەڕێم بۆ سۆراخی كوڕەكەم، حەوت ساڵ پێش ئێستا لەناو بازاڕ كوڕەكەمیان ڕفاند، منیش نازانم لە كوێیە ئەگەر كوڕەكەم تاوانبارە وەرن لە بەر چاوی خۆم لە سێدارەی بدەن، ئەو كات یەك جار جەرگم دەسوتێت، بەڵام ئێستا ڕۆژنە دەیان جار جەرگم دەستوتێت".

بەپێی وتەی ڕاکان جبوری، پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکوک، لە دادگای کەرکوک، نزیکەی ٣ هەزار سکاڵا هەیە، کە لەلایەن ئەو هاوڵاتیانەوە تۆمارکراوە کەسوکاریان بێسەروشوێن کراوە.

د.ع