كەمپەینی بەگریی لە نیشتیمان، کە لەماوەی ڕابردوودا، لە هەولێر ١٢٠٠ واژۆی کۆکردبووە لە دژی بۆردومانەکان و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، واژۆکانی گەیاندە نەتەوەیەکگرتووەکان و پاپای ڤاتیكان و كونسڵخانەی زیاتر لە ٣٠ وڵاتی جیهان و ڕێكخراوی مافی مرۆڤی جیهانیی و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
لە مانگی شەشی ئەمساڵدا، كەمپەینی بەگریی لە نیشتیمان، لەلایەن كۆمەڵێك لە مامۆستای زانكۆ، چالاكوانانی مەدەنی و چاودێرانی سیاسیی شاری هەولێر پێکهات، كەمپینەكە لەڕێگای فۆرمێكی ئەلكترۆنییەوە بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ واژۆی توێژە جیاوازەکانی دژ بە پەلامار و بۆدرومانەكانی دەوڵەتی تورك بۆ سەرخاكی باشوری كوردستان کۆدەکردەوە و توانی لەو ماوەیەدا ١٢٠٠ واژۆ كۆبکاتەوە.
دەربارەی ئەنجامی کەمپەینەکە دكتۆر قاسم مەرزانی، یەکێک لە ڕێکخەر و سەرپەرشتیارانی كەمپەینەکە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: لە ڕێگای یاداشتێكەوە واژۆکانمان ئاراستەی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی جیهانیی، نەتەوە یەكگرتووەكان(یوئێن)، پاپای ڤاتیكان و هەروەها وڵاتانی زلهێز و بە تایبەتی ئەو وڵاتانەی كاریگەریان لەسەر توركیا هەیە کردووە، وتیشی: واژۆکانمان پێشكەشی تەواوی كونسڵخانەكانی وڵاتان لە هەرێمی كوردستانیش کردووە کە ژمارەیان زیاتر لە ٣٠ کونسڵخانەبوو.
دكتۆر قاسم مەرزانی، ئەوەشی خستەڕوو کە لە ڕێگای پەرلەمنتاری عێراق، یوسرا رەجب’یشەوە یاداشت و واژۆکانمان ئاراستەی پەرلەمانی عێراق و سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی كرد، بۆ ئەوەی فشار لەسەر توركیا دروست بكەن، تاوەکو هێرش و بۆردومانەکانی بۆسەر خاكی باشوری كوردستان ڕابگرێت.
ک.س