ڕۆژنیوز- هۆگر عەدنان
قادركەرەم، لەگەڵ ئەوەی لانكەی ئەنفال و قوربانیدانە و لە هەمان كاتدا خاوەنی گەورەترین سامانی سروشتییە، كە غازە و گەورەترین كۆمپانیای دەرهێنانی ئەو سامانە سروشتییە لە سنوورەكەیدایە، بەڵام بێبەشە لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان.
قادر كەرەم شارەدێیەكی سەربە شارۆچكەی چەمچەماڵە و ٥٦ كیلۆ مەتر دەكەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەو شارۆچكەیەوە، دانیشتوانەكەی قوربانیی گەورەی تاوانی ئەنفالن و بەشێكی زۆری خەڵكەكەی ئەنفالكراون لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، بەوتەی دانیشتوانەكەی لە تەمەنی ٣٠ ساڵی حكومڕانیی كوردییدا تەواو پشتگوێخراون و بێبەشن لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان.
هەتا ئێستا شارەدێکە کارەبای نیشتیمانیی نییە، ئەمە جگە لە کێشەی ئاو و ئاوەڕۆ و ڕێگاوبان.
سوارە لوقمان، هاوڵاتییەکی دانیشتووی قادرکەرەمە و دەڵێت: حکومەتی هەرێم زۆر بێپلانە، ١٠ ڕۆژجارێک ئاوی خواردنەوەمان پێدەدرێت، تاکو ئێستا حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە کارەبای نیشتیمانی-مان بۆدابینبکات، کۆمپانیای داناغاز ڕۆژانە بڕی ٦٥٠ کەیڤی کارەبامان دەداتێ ئەمڕێژەیەش زۆر کەمە بەبەراود دانێشتوانی قادرکەرەم.

وەک سوارە دەڵێت، سەڕەڕای ئەوەش هەرچی هێزی پێشمەرگە و کۆمپانیاو کارگەی بەرهەمهێنان چەو لم و باخی بەرپرسانە لە سنوورەکە، لەو بڕەکارەبایە دەبات، بۆیە ماوەی ١٢ ساڵە لەوەرزی زستان و هاویندا قەیرانی کارەبایان بۆ دروست دەبێت.
جگە لە کۆمپانیای دانا غاز، کۆمپانیای هیلال پترۆلیۆم و پێڕل پترۆلێۆم بۆ بەرهەمهێنان غازی سروشتیی، کۆمپانیاکانی ئینتەرنۆ، بێڵتەک،سالب، لوتکەی شاوک، ئافاتک، کۆمپانیای ئۆنگارد و کەی ئێن ئاڕ لە سنوورەکەدا کاردەکەن.
سوارە لوقمان وتی: ئەو کۆمپانیایانەی لە سنوورەکەدا هەن هیچ سودێکیان بۆ ناوچەکەمان نییە، هەرچی بەرپرسانی شارەدێی قادرکەرەم و شارۆچکەی چەمچەماڵ دەستی دەستیمان پێدەکەن و هیچمان بۆ ناکەن.
دانیشتوانی قادرکەرەم کێشەی تەندروستییشیان هەیە، چونکە سەرەڕای هەبوونی بنکەی تەندروستیی، بەڵام بەهۆی نەبوونی کارمەندەوە، بۆ بەستنی کانۆلایەک ناچار دەبن سەردانی نەخۆشخانەی چەمچەماڵ بکەن.
ئەحمەد لەتیف، یەکێکی ترە لەدانیشتوانی قادرکەرەم و وتی: لەماوەی ڕابردوودا ڕێگەی سەرەکیی ناوچەکەمان لەسەر ئەستۆی خۆمان چاککردووەتەوە و هەرچەند ڕێگەگە زۆر کۆن نییە، بەڵام بەهۆی نەبوونی قەپانەوە زۆرترین بارهەڵگر بەڕێژەی زیاتر ئەوانەی ئاسن دەگوازنەوە دەبنە هۆکای خراپی ڕێگاکە.

قادرکەرەم ئاوەڕۆی بۆ کراوە، بەڵام لەکاتی باران باریندا لافاو دروست دەبێت، چونکە پرۆژەکە بەجۆرێک کراوە، کە توانای گلدانەوەی ئەو هەموو ئاوەی نییە.
وەک ئەحمەد لەتیف باسی کرد، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ٧٠ ماڵ ناوچەکەیان چۆڵکردووە، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانەوە.
لەسەر ئەو پرسە، سدیق باوەیی، بەڕێوبەری شارەدێی قادرکەرەم بە ڕۆژنیوزی وت: دەبێت ئەم سنوورە خزمەت بکرێت لەبەر دوو هۆکار، هۆکاری یەکەم لەڕوی ئەنفال و ماڵوێرانکردوە پشکی شێریان بەرکەوتەوە، هۆکاری دوەم کۆمپانیای داناغاز لەناوچەکەیە، دەبوو زۆرشتمان بۆ بکرایە، بەڵام ناو قادرکەرەم یەک بست قیرمان نیە.

باسی لە گرفتی کارەبا کرد و وتی: لەڕووی کارەباوە ٦٥٠ کەیڤی کارەبامان بۆدابینکراوە لەلایەن کۆمپانیای داناغازە، بەڵام لەبنەڕەتدا مێگایەک و ٢٠٠ کەی ڤی پێداویستیەکانی شارەدێی قادرکەرەم پڕدەکاتەوە، لەڕوی تەندروستیەوە، ناتوانین نەخۆشخانەکەمان بکەین بە ٢٤ کاتژمێریی بەهۆی نەبوونی کارمەندەوە، ئەمەش کارەساتی لێدەکەوێتەوە، بۆیە داوا لە حکومەت و داناغاز دەکەم، بەلانی کەمەوە چەند کارمەندێکمان بۆدابمەزرێنن بۆئەوەی هیچ نەبێت نەخۆشخانەکەمان ببێتە ٢٤ کاتژمێری.
بەڕێوبەری شارەدێی قادرکەرەم باسی لەوەشکرد، ڕێگەی نێوان شارەدێی قادرکەرەم بۆ شارەدێی تەکیەی جەباری زۆرخراپ بوو، چەندین جار داوامان لە کۆمپانیای داناغاز کردووە وتیانە خەرجییەکی زۆری پێویستە ئەو ڕێگەیە، بەڵام لەبری داناغاز کۆمەڵێک خێرخوازی ناوچەکە ڕێگەکەیان نۆژەنکردەوە بەبڕی ٦ بۆ ٧ ملیۆن، لەکاتیکدا تەندەرێمان ئامادەکردووە و داوای ٥٠٠ ملیۆنیان دەکرد، ئەمەش شورەیە بۆ ئێمەی حکومەت، لەکاتیدا کۆمپانیای داناغاز لەناوچەکەمان مافی خۆمانە داوای هەموو خزمەتگوزاریەکی لێبکەین.
س.س