لایەنەكانی كەركوك: كابینەكەی عەلاوی سەركەتوو نابێت

حزب و لایەنە سیاسەكانی كەركوك باس لە كابینەكەی محەمەد تۆفیق عەلاوی دەكەن و ئاماژە بەوە دەكەن كابینەكەی عەلاوی سەركەوتوو نابێت و هاوشێوەی كابینەكانی دیکە دەبێت، ئەوەش لە کاتێکدایە بڕیارە سبەی پەرلەمان کۆبێتەوە و دەنگ بە کابینەکە بدرێت.


بڕیاربوو ڕۆژی پێنج شەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ متمانەدان بە کابینەکەی محەمەد تۆفیق عەلاوی کۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی هەژماری یاسایی پەرلەمانتارانەوە، کۆبوونەوەکە ئەنجام نەدرا و بۆ ئەمڕۆ دواخرا، بەڵام دوێنێش جارێکی دیکە دواخرا بۆ ڕۆژی یەک شەممە.

محەمەد تۆفیق عەلاوی، ڕاسپێرادراو بۆ پێكهانی حكومەتی نوێی عێراق بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ پێكهانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، عەلاوی دەیەوێت لایەنەكان ڕازی بكات تاوەكو لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەماندا دەنگ بە كابینەكەی بدەن.

هەرچەندە نزیكەی مانگێكە عەلاوی ڕاسپێرداوە بۆ پێكهانی حكومەتی بەڵام تاوەكو ئێستا كۆبونەوە و دانوستانەكانی بەرهەمی نەبووە و ڕوون نیە كە كەی حكومەت و كابینەكەی كەی دەسبەكار دەبێت.

 

شوان محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی زەحەمتكێشانی كوردستان بەرپرسی ئەو حزبە لە كەركوك، لەو بارەیەوە بۆ ڕۆژنیوز وتی: "ئیمە پێمانوایە بەڕاستی ڕەوشی عێراق تەندورست نیە ئەوەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە هەر عێراق خودی دەوڵەتەكە لە پێشەكیدا نیشتمان و دەوڵەت نیە عێراق لەسەر خواستی ئینگلیزەكان دروستكراوە، بۆیە پێمانوایە ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە عێراق ڕوودەدەن ئەمە حەقیقەتی عێراقە ئەم پشێوییە، ئەم كابینەی كە دروست دەكرێت موسكینە بۆ ڕازیكردنی شەقام و خۆپیشاندەرانە وە ململانێیەكی نێوان كوتلەكانیشە و فێڵ لەیەكتردنە، پێمانوایە ئەم كابینەیە كابینەیەكی زۆر خراپ دەبێت چونكە لە بنەڕەتدا یارییەكە بە هەست و سۆزی عێراق دەكرێت".

ئەو بەرپرسە ئەوەشی وت: "كورد گرنگە هەوڵ بدات جێی دەستی خۆی لەم كابینەدا بكاتەوە چونكە ناوەرۆكی ململانێكان وەهایە ئەگەر بوونت نەبێت دەتخۆن، لەم ڕوانگەیەوە نەك لە ڕووی بەشداریكردن لە حكومەت، چونكە ناوەرۆكی عێراق یەكتر سڕینەوەیە لە بەر ئەوە ئێمە پێمانوایە ئەم كابینە كاتی دەبێت هەندێ كار دەكرێت بۆ ڕازیكردنی شەقامی عێراقی، ئەو یاری كەرانەی كە هەوڵدەدەن حكومەتپێكبێت هەر ئەوانە ١٥ ساڵە داهاتی عێراق دەخۆن لە ئەنجامیشدا عێراق وڵاتێكی كاولی وێرانە كە هیچی بەسەر هیچەوە نیە، لە بەر ئەوە هیچ گەشبین نیم ئەم كابینەیە خزمەتی خەڵك بكات."

هەر دەربارەی ئەو پرسە ڕەسوڵ رەئوف، بەرپرسی مەڵبەندی شەشی حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان بۆ ڕۆژنیوز وتی: "پێموایە ئەم حكومەتە هاوشێوەی حكومەتەكانی دیکەیە و هیچ گۆڕانكاریەك لە عێراقدا دروست ناكات، لە بنەڕەتدا پێكهانی حكومەت دوو ئامانجی هەیە، یەكەم ئامانج كپكردنی شەقام و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەكانی عێراقە، وە دەووەمیش دەیانەوێت ئەوە بسەلمێنن جیاواز لە حكومەتەكانی دیکە ئەم حكومەتە و عێراق بەگشتی لەژێر هەیمەنەی شیعەدایە، بۆ ئەمەش وادەكەن كە هەم شەقام بێدەنگ بكەن هەمیش مەرجەع لە خۆیان ڕازی بكەن."

دەربارەی ڕوانینی عەلاوی بۆ هەرێمی كوردستان، وتی: "من پێموایە نەك حكومەتەكەی عەلاوی، پێشتر چۆن بوون بۆ كورد هەر وادەبن، وە توانای گۆڕانكاری گەوەریان نیە ڕاستە عەلاوی داویكردووە كە كاندیدی حزبی نەنێنرن، بەڵام ئەو كەسانەی دەچنە ئەو پۆستانە هەرگیز ناکرێت كەسی حزبی نەبن، بۆیە ئەو حكومەتە گۆڕانكاری پێ ناكرێت وە فشاریش ناتوانن دورست بكەن".

محەمەد نەسرەدین، سكرتێری مەكۆی كەركوكی بزوتنەوەی گۆڕانیش بەمشێوەیە تێڕوانینەکانیانی خستەڕوو "دیارە سەرجەم لایەنە سیاسەكان وڵاتە زلهێزەكان داوكارییان هەیە لە محەمەد تۆفیق عەلاوی، ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە وەك بزوتنەوەی گۆڕان عەلاوی تاچەند پابەند دەبێت بە جێبەجێكردنی دەستوورەوە تا چەند پابەند دەبێت بە یاسا و ڕێسا عێراقیەكانەوە، وە ئەوەی زۆر گرنگە بەلای ئێمەوە بۆچوونی عەلاوییە لەسەر دە‌ستوری عێراق و بە تایبەت ئەو مادانەی كە تایبەتە بە ئاسایی كردنەوەی كەركوك (ناوچە جێناكۆكەكان)، بژێوی خەڵك چارەنوسی ئەم ناوچانە بە تایبەتی بە گژاچوونەوەی گەندەڵی بەلای ئێمەوە گرنگە، هەندێ حزب مەبەستیان پلە و پۆستە بەڵام بەلای ئێمەوە چارەنوسی ئەم ناوچانە گرنگە لە كابنیەكەی عەلاویدا".

ک.س