شەممە, 22 سبت 2018 – 10:51 ڕۆژنیوز – ناوەندى هەواڵەکان
بڕیار وایە، لە ڕۆژى ٣٠ى ئەم مانگە، هەڵبژاردن بۆ خولى پێنجەمى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان ئەنجام بدرێت، حزبەکانیش بانگەشە و بەرنامەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوار ساڵى داهاتوودا دەخەنە ڕوو.
یەکێک لە کێشانى هەرێمى کوردستان، پرسى ژنان و هێرشە بۆسەر ژنان، نایەکسانیی ڕەگەزەکان لە مەیدانەکانی ژیان و بەشدار نەبوونى ژنان لە بەڕێوبردن-دا و چەندین کێشەى دیکە، گرفتى سەرەکى ژنان-ن لە هەرێمى کوردستان، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا کەمترین باس لە ژنان کراوە لە بەرنامەی حزبەکان بۆ هەڵبژاردن.
هەرچەند هەندێک لە حزبەکان لە بەرنامەکەیاندا باسیان لە یەکسانی ژن و پیاو کردووە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک بەوردی ئەو بابەتەیان نەنرخاندووە، لە ژمارەیەکی کەمیاندا “ژن” وەک بەشێکی جیاواز دیاریکراوە، زیاتر بە ناوی خێزان و خانەوادە یان خزمەتە تەندروستییەکان، یان لە بەشی گەنجاندا باسی ژن کراوە.
بۆ هەڵبژاردنی ١١١ پەرلەمانتار، ٢٩ حزب، لیست و کۆتا، ناوی ٧٧١ کاندیدیان تۆمارکردووە، پێویستە ٢٥٪ ئەندامانی پەرلەمان لە ژنان پێکبێت، کە لە کۆی ئەو کەسانەی ناویان تۆمارکردووە ٢٤١یان ژن-ن.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان- ی.ن.ک
لە بەرنامەی ى.ن.ک دا هاتووە، کە پێویستە وەک هەمیشە مافەکانی ژنان بپارێزرێن، بە هەر شێوەیەک بێت توندوتیژی و کوشتنی دژی ژنان دەبێت کۆتایی پێبێت، واتە “وەک هەمیشە” لە بەرنامەکەدا هاتووە، ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕۆژانە لە هەرێمی کوردستان ژنان دەکوژرێن و هێرشی جیاواز دەکرێتە سەریان، هەروەها لە کاتێکدا باس لە یەکسانی ژن و پیاوکراوە، کە لە ١٠٠ کاندیدەکەیان تەنیا ٢٩یان ژن-ن.
چەند خاڵی دیکە کە لە بەرنامەی یەکێتیدا هاتووە بەم شێوەیە:
دابینکردنى هەلی کاری پێویست بۆ ژنان بە یەکسان لەگەڵ پیاوان، بەرنگاربوونەوەی لەدژی هەموو جۆرە توندوتیژییەک بەرامبەر بە ژنان، هاوکاریکردنی ئەو ژنانەی بەرپرسیارێتی بەڕێووەبردنی خێزانیان لە ئەستۆیە، دابیکردنی شوێن بۆ ژنانی بێماڵ و دۆزینەوەى هەلی کار بۆ ئەوان.
بزوتنەوەی گۆڕان
لە بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان دا، بەشێکی تایبەت بە ژنان نییە، تەنیا لە بەشێکدا نووسراوە، کە دەبێت توندوتیژیی هەستەواری و دەروونی لەدژی ژنان لە نێو ماڵ و کۆمەڵگا و ناوەندەکانی خوێندن و دەزگا دەوڵەتییەکان، بوەستێندرێت.
لە بەشێکی دیکەشدا ئاماژە بە هێرشە ڕەگەزییەکان لەدژی ژنان دراوە و وتراوە، کە دەبێت ڕێگری بکرێت لەو هێرشانە، هەروەها لە بەرنامەکەدا هاتووە، کە دەبێت خزمەتی تایبەتی ژنانی دووگیان بکرێت، لە کۆی ١٠٠ کاندیدەکەشیان ٣٠یان ژن-ن.
حزبی شیوعی کوردستان:
لە بەرنامەی حزبی شیوعیشدا هیچ بەشێکی تایبەت بە ژنان نییە، باس لە مافەکانی ژنان و یەکسانی ڕەگەزەکان کراوە، لەلایەکی دیکە لە کۆی ٣٥ کاندیدەکەیان ٥یان ژن-ن.
لە بەرنامەی ئەو حزبانەی باسیان کرا ئاماژە بەوەدراوە، کە فرەژنی قەدەغەیە، بەڵام باس لەوە نەکراوە یاسایەک کە خۆی ڕێگا بۆ فرەژنی خۆش دەکات چۆن ڕووبەڕووی ئەو دیاردەیە دەبنەوە.
لیستی سەردەم کە پێکهاتووە لە حزبەکانی سۆسیالیست، حزبی ڕەنجدەرانی کوردستان، پارتی یەکێتی نەتەوەیی کوردستان.
لە بەرنامەی ئەو سێ حزبەدا تەنیا باس لە توندوتیژی خێزانیی ناو ماڵەکان کراوە و بەتایبەتی باس لە ژن نەکراوە.
نەوەی نوێ
لە بەرنامەی نەوەی نوێشدا بەشێکی تایبەت بۆ ژنان دانەندراوە، لە دوو بەشی جیاوازدا باس لە ژنان کراوە، بەڵام لەجیاتی ژن وشەی ناو ماڵ یان دایک بەکارهێندراوە، لە بەشێکی دیکەشدا ئاماژە بە خزمەتە تەندروستییەکان بۆ ژنانی دووگیان کراوە.
هەر لە بەنامەى جوڵانەوەى نەوەى نوێدا، ڕێژەی توندوتیژییەکانی دژی ژنان، لە ساڵی ٢٠١٧دا خراوەتە ڕوو، کە لەلایەن بەڕێوبەریی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان ئاشکرا کراوە، هەروەها لە کۆی ٥٠ کاندیدى نەوەى نوێ ١٧یان ژن-ن.
پارتی دیموکراتی کوردستان
لە بەرنامەی پ.د.ک- شدا، ژن وەک بەشێکی تایبەت جیانەکراوەتەوە، بابەتی ژن بە ناوی “بەرنگاربوونەوەی توندتیژی لە ناو ماڵ، ژنان و منداڵان” هاتووە، هیچ پرۆژەیەکی بەرچاویش بۆ ژنان لە ئارادا نییە، لەلایەکی دیکەوە باسی نایەکسانیی ڕەگەزەکان لەناو حکومەت، پەرلەمان و هەموو مەیدانەکانی ژیان کراوە، هەرچەند حکومەت لە دەستی خۆیان دایە، بەڵام هێشتا باس لەوە دەکەن کە دەبێت هەوڵ بدەین توندوتیژیی دژی ژنان بوەستێنین، لە کۆی ١٠٠ کاندیدەکانیان ٣٠ لەوان ژن-ن.
کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان
لەو بەرنامەى کۆمەڵى ئیسلامی-دا بە شێوەی بەرچاو باس لە ژنان نەکراوە و تەنیا ئاماژە بە پاراستنی مافەکانی ژنان و منداڵان دراوە، لە بەرنامەکەدا هاتووە: “لە چوارچێوەی پێوەرە ئیسلامییەکان کە هەماهەنگن لەگەڵ یاسا جیهانییەکان مافەکانی ژنان دەپارێزرێت”، لە کۆی ٢٥ کاندیدەکەش شەش-یان ژنن.
لیستى بەرەو ئیسڵاح
لە بەرنامەی لیستی بەرەو ئیسلاح، کە لە یەکگرتووی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان، پێکهاتووە، بەشێک بەناوی “ڕۆڵ و جێگای ژن” دیاریکراوە، لەو بەرنامەیەدا باس لە یەکسانی ڕەگەزەکان کراوە و لە کۆی ٦٠ کاندیدەکان ٢٠یان ژنن.
لە بەرنامەکەدا ئەو خاڵانە ڕیزکراون:
زیادکردنی ڕێژەی بەشداریکردنی ژنان لە مەیدانەکانی ژیاندا، بەبنەماگرتنی یەکسانی ڕەگەزی لە پۆستە حکومی و تایبتەکان، بەرزکردنی ئاستی خوێندن و ڕۆشنبیری ژنان، بەهێزکردن و بەرزکردنی ڕێژەی بەشداریکردنی ژنان لە کارە تایبەتەکان، پاراستنی مافەکانی ژنان و بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان.
د.ع