له‌ ئاگری و جوله‌مێرگ ١٩ سه‌ربازی سوپای تورک کوژران

له‌ ئه‌نجامی چه‌ند چالاکییه‌کی گه‌ریلاکانی هه‌په‌گه‌دا له‌ بازید و چه‌لێ و گه‌ڤه‌ر ١٩ سه‌ربازی سوپای تورک کوژران و ١٠ سه‌ربازیش بریندار بوون.


ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی هێزه‌کانی پاراستنی گه‌ل-هه‌په‌گه ئێوارەی ئەمڕۆ ڕاگه‌یه‌نراوێکی بڵاوکرده‌وه‌ ده‌رباره‌ی دوایین چالاکییه‌کانی گه‌ریلا له‌ بازید، چه‌لێ و گه‌ڤه‌ر.

به‌ گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌نراوه‌که،‌ ١٩ سه‌ربازی سوپای تورک کوژراون و ١٠ی دیکه‌ش بریندار بوون.

هەپەگە باسی لەوە کردووە: "له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی سه‌رکه‌وتنی شۆڕشگێڕیدا هێزه‌کانمان ڕۆژی ٨ی تشرینی دووه‌م کاتژمێر ١٧:٠٠ له‌ شارۆچکه‌ی بازید-ی ئاگری دژی سوپای تورکی داگیرکه‌ر له‌سه‌ر گردی برنێ ڕه‌ش چالاکییه‌کیان کرد. له‌ شوێنێکی نزیکه‌وه‌ له‌ سه‌ربازانی سه‌ر گرده‌که‌یان دا و له‌ ئه‌نجامدا ٣ په‌ناگه‌ و ٢ سه‌نگه‌ر ڕووخێنران. له‌ چالاکییه‌که‌دا ١٠ سه‌رباز کوژران و زیاتر له‌ ١٠ی دیکه‌ش بریندار بوون. سوپای تورکیای داگیرکه‌ر له‌ دوای چالاکییه‌که‌ به‌ ئۆبوس، هاوه‌ن و تانک بۆمبارانی ناوچه‌که‌ی کرد و ته‌رمی سه‌رباز و برینداره‌کانی خۆی به‌ چه‌ندین کۆپته‌ری سکۆرسکی هه‌ڵگرته‌وه‌."

هەروەها ئەوەش هاتووە: "هێزه‌کانمان ڕۆژی ٨ی تشرینی دووه‌م له‌ ناوچه‌ی چه‌لێی جۆله‌مێرگ له‌ سوپای تورکیای داگیرکه‌ریان دا له‌سه‌ر گردی خه‌ره‌گۆل. چالاکییه‌که‌ له‌ ٢ قۆڵه‌وه‌ دژی په‌ناگه‌ و سه‌نگه‌ره‌کانی دوژمن کرا. له‌ ئه‌نجامدا ٣ سه‌رباز کوژران و یه‌کێکی دیکه‌ش بریندار بوو. سوپای تورکیای داگیرکه‌ر له‌ دوای چالاکییه‌که‌ ئۆبوس و هاوه‌نی هاویشته‌ ناوچه‌که"‌.

هەپەگە لە کۆتایدا ڕایگەیاندووە: "ڕۆژی ٧ی تشرینی دووه‌م کاتژمێر ١٢:٣٠، هێزه‌کانمان له‌ دژی سوپای تورکیای داگیرکه‌ر که‌ له‌ گردی شه‌هید ڕه‌حیمه‌ی ناوچه‌ی گه‌ڤه‌ری جۆله‌مێرگ ڕێگه‌ی ئه‌منی دروست ده‌کرد، چالاکییه‌کیان ئه‌نجام دا، له‌ ٢ قۆڵه‌وه‌ گورز له‌ ئامێره‌کانی کار و سه‌نگه‌ره‌کانی سه‌ربازانی دوژمن درا، حه‌فاره‌یه‌ک له‌ناوبرا و ٦ سه‌ربازی دوژمن کوژران، دواتر سوپای تورکیای داگیرکه‌ر ئۆبوس و هاوه‌نی هاویشته‌ ناوچه‌که‌."


ک.ک