لیستی ناوی دامەزراوەکانی کەرکوک هەڵوەشێندرایەوە

لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی عێراق و لیژنەی سەرپەرشتی چاودێری ناوی دامەزراوانی کەرکوک، بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو ناوانەی کە بڕیاربووە لە کەرکوک وەک مامۆستا و فەرمانبەر دابمەزرێن.


ئەمڕۆ کاتژمێر یەکی پاشنیوەڕۆ، لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە شاری بەغدا، کۆبوونەوەی نێوان پەرلەمانتارانی هەر سێ نەتەوەی کەرکوک لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە ڕاسپاردەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، دەربارەی دامەزراندنی ئەو ٢ هەزار و٨٤٣ کەسەی شاری کەرکوک ئەنجامدرا.

مەریوان نادر، ئەندام لە لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی عێراق لە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، دوا گفتوگۆیەکی دوو کاتژمێری لەنێوان لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ لیژنەی سەرپەرشتی چاودێری ناوی دامەزراندنی دەرچووانی کەرکوک، بڕیاردرا بە هەڵوەشاندنەوەی ناوی ئەوە کەسانەی کە بڕیاربووە دابمەزرێن.

هەروەها ئەوە ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق و ئەوە لیژنەیەی کە چاودێری پڕۆسەی دامەزراندنەکەییان دەکرد لە کەرکووک، پێکەوە پێداچوونەوە دەکەن بۆ ئەو سکاڵاییانەی کە کراون دەربارەی ئەوناوانەی کە دامەزرێندراون، ئەم پڕۆسەیەش لەلایەن دەستەی دەستپاکی عێراقەوە چاودێری دەکرێت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پەروەدەی كەركوكەوە لیستێکی ناوی دامەزراوان بڵاوكرایەوە، کە پێکهاتبوو لە دامەزراندنی ٢ هەار و٨٤٣ کەس، بەڵام دواتر ئەو ناوانە كاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا، لەو ڕوانگەیەوە ئەنجومەنی مامۆستایانی دانەمەزراو، لە ڕێگای بەیاننامەیەکەوە هەڵوێستی خۆیان خستەڕوو، کە داوای هەڵوەشاندەوەی ئەو لیستی دامەزراندنەی پەروەدەی كەركوكیان کرد، لەگەڵ دابەشكردنی پلە وەزیفییەكان بەپێی ڕێژەی نەتەوەكان.

د.ع