سەرۆكی لیژنەی ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی هەرێم ڕایگەیاند، ٤٢٥ ڕۆژە حکومەت لە پەرلەمان متمانەی وەرگرتووە، بەڵام ٤٢٥ بلۆکیان لەسەریەک دانەناوە.
دەربارەی چاودێرییەکان لەسەر کارەکانی حکومەت، ئەمڕۆ هاوڕێ مەلا ستار سەرۆكی لیژنەی ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان (فراکسیۆنی یەنەکە) کۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی بەڕێوەبرد.
هاوڕێ مەلا ستار وتی: ئێمە سێ لیژنەی لاوەكیمان دروستكرد بۆ ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان بۆ كاركردن لەسەر دوو سێكتەر، ئەوانیش سێكتەری ڕێگاوبان و سێكتەری نیشتەجێبون، لە دوای گەڕان و بەدواداچوونی لیژنەكان گەیشتینە ئەو بڕوایەی، ڕێگاوبانەكان بەدۆخێكی زۆر خراپدا تێپەڕدەبێت، بەداخەوە ڕۆژانە خەڵك دەبێتە قوربانی.
ئاماژەی بەوە کرد، وەزیری ئاوەدان كردنەوە و حكومەت ٤٢٥ ڕۆژە لە پەرلەمان متمانەیان وەرگرتوو، “لەبەر ڕۆشنایی بەدواداچوونەكانمان لە ماوەی ئەو ڕۆژانەدا ٤٢٥ بلۆك لەسەر یەك دانەنراوە بۆ ئاوەدانكردنەوە لە هیچ شاروشارچكەیەكی هەرێمی كوردستان”.
ئاماژەی بەوەشکرد: ٨٥٪ی پرۆژەکانی ڕێگاوبان ڕاگیراون.
س.ح