لە نوسراوێکدا ٢٠ ئەندامى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان داوای ئەنجامدانى دانیشتى پەرلەمان دەکەن بە بەشدارى هەریەکە لە قوباد تاڵەبانی و رێبەر ئەحمەد و تێیدا داوای روونکردنەوەیان لێ بکرێت لەبارەی ئەو توندوتیژیانەی لە خۆپیشاندانەکانى هەفتەى ڕابردوودا، بەرامبەر بە خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بەکارھێنرا.
ئەو ژمارە ئەندامەى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان لە نوسراوێکدا داوا دەکەن لە نزیکترین کاتدا دانیشتنەکە ئەنجام بدرێت.
لە نوسراوەکەدا هاتووە، بە پشت بەستن بە بڕگەى یەکەم لە ماددەى ٦٦ ى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان، ئێمە کە لە خوارەوە واژۆمان کردووە داوا لە دەسەتەى سەرۆکایەتى پەرلەمان دەکەین بابەتى توندوتیژى و پێشێلکارى مافەکانى مرۆڤ بەرانبەر خۆپیشاندەران لە خۆپیشاندنى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان لە ڕۆژانى ٢٢ تا ٢٦ ى ئەم مانگە بکەنە خاڵێکى گفتوگۆى نزیکترین دانیشتنى پەرلەمان بە ئامادەبونى هەریەکە لە قوباد تاڵەبانى جێگیرى سەرۆکى حکومەت و ڕێبەر ئەحمەد وەزیرى ناوخۆ.
لە بەشێکى دیکەى نوسراوەکەدا باسلەوەکراوە، دانیشتنەکە پێویستە بە مەبەستى بە دیهێنانى بەرژەوەندى گشتى و گفتوگۆکردن بێت لە هۆکارى توندوتیژییەکان و لێپێچینەوە لە دەزگا ئەمنی و ئەو کەس و هێزانەى توندوتیژییان بەرانبەر خوێندکاران و خۆپیشاندەران بە کارهێنا.
جێگەى ئاماژەیە، لە هەفتەى ڕابردوودا خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکانى بەشێکى زۆر لە ناوچەکانى هەرێمى کوردستان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و تێیدا داوایانکرد، کە حکومەت مانگانە بڕیک پارەیان وەک دەرماڵە بۆ خەرج بکات، بەڵام لە هەندێ ناوچە توندوتیژى بەرامبەر خۆپیشاندەران بەکارهات و هێزێکى زۆرى ئەمنیش هێنرایە ناو شار و شارۆچکەکان، کە تائێستاش لەو شوێنانە جێگیرکراون و دەسەڵاتدرانیش بە مەبەستى ڕێگرى لە درێژەدان بە خۆپیشاندانەکان بڕیاریاندا بۆ ماوەى چەند ڕۆژێک دەرگاى زانکۆ و پەیمانگاکان دابخەن.
ئ.م