لەبەرامبەر داگیرکەریی تورک ستراتیژیی هاوبەش بە گرنگ دەزاندرێت

نەبوونی ستراتیژی هاوبەشی گەلی کورد، بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دەستدرێژیی و داگیرکاریی سەر خاکی باشوری کوردستان دەزاندرێت و هەڵوێستی هاوبەش و کردارییش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکەر بە پێویست دەزاندرێت.


مامۆستایانی زانکۆ و ڕۆژنامەنووسانی ژن لە شاری سلێمانی، دەربارەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە لە باشوری کوردستان ئەنجامی دەدات، لێدوان بۆ ڕۆژنیوز دەدەن و سەرنجی خۆیان دەخەنەڕوو.

لەو چوارچێوەیەدا تەلار عەلی، مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی، وێڕای ئیدانەکردنی  کۆمەڵکوژیی و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، ئاماژەی بە هۆکاری دەستدرێژییە بەردەوامەکانی دەوڵەتانی دراوسێ کرد و وتی: کورد ستراتیژیی و هەڵوێستی هاوبەشی نییە، کۆمەڵگاش لە ڕەوشەکە بێ ئاگایە، پێویستە هەموو تاکێک ئەوە بزانێت هەر هێزێکی تورک بێت یان عێراقی یان هەر هێزێکی تر بێتە خاکی ئێمەوە بە داگیر کردنی خاکەکەمان حساب دەکرێت".

ئەو مامۆستایەی زانکۆ باسی لەوەشکرد، کە ئیدانە کردن بە تەنیا بەس نییە و وتی: ئیدانەکردن ئەو کاتە گرنگە ئەگەر بەرهەمی ئەو هەڵوێست و ئیدانەکردنە ببیندریتەوە، هەروەها هەڵوێستەکان بەرەو ئاراستەی گۆڕانکاریی ببرێن نەک تەنیا قسە کردن بێت.

تەلار عەلی، بە پێویستیشی دەزانێت، کە هەموو لایەنە کوردییەکان یەک بگرن و ببن بە خاوەنی یەک گوتار و یەک پلان بۆ پاراستنی نیشتیمانەکەمان.

هەر لەسەر هەمان پرس د.نەزاکەت حسێن، مامۆستای بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی سلێمانی، ئاماژەی بەوەکرد کە سەروەریی خاک و پاراستنی ئەرکی سەر شانی هەر قەوارە و حزبێکە و وتی:"هەموو دەوڵاتانی چواردەورمان چاویان بڕیوەتە ئەم هەرێمە و دەیانەوێت ئارامییەکەی تێکبدەن، بۆیە بۆردوومانی دەکەن و هاوڵاتیانی مەدەنیی دەکەنە ئامانج".

د.نەزاکەت، بە پێویستیشی دەزانێت، کە شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیان نەکرێنە جێی ململانێ و جەختیشیکردەوە، کە "پێویستە بە هەموو شێوەیەک داکۆکیی بکەین لە پاراستن و سەروەریی و داگیرنەکردنی ئەم هەرێمە".

هەروەها، سەیوان ڕۆستەم، سەرنووسەری ڕۆژنامەی ژیانەوە، هێمای بۆ بێدەنگیی حکومەتی هەرێم و ناوەند کرد لەبەرامبەر بۆردوومان و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و وتی: بێدەنگیی شاردنەوەی ڕاستییەکانە، پێویستبوو هەڵوێستی توندیان هەبووایە.

سەیوان ڕۆستەم، باسیشی لە ڕۆڵی گەل کرد لە شکاندنی بێدەنگیی حکومەت و وتی"پێویستە جەماوەر بە یەک دەنگ ئەمە پەسەند نەکەن و دەنگی ناڕەزایی خۆیان دەرببڕن و فشار بخەن سەر هەردوو حکومەتەکە، هەروەها یاسا نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ بکرێت کە وڵاتێكی تر بۆی نیە بچێتە خاکی وڵاتێكی تر و بیبەزێنێت، کە ئەمەش حکومەتی ناوەند بە هەموو شێوەیەک لێی بەرپرسیارە".

ک.س