لەبەرامبەر هێرشەکان، هاوڵاتیانی شەنگال ئیدانەی بێدەنگی حکومەتی عێراق دەکەن

بۆ ئیدانەکردنی هێرش و بۆردوومانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆسەر شەنگال و بێدەنگی حکومەتی عێراق، هاوڵاتیانی شەنگال بە ڕێپێوانێک بەرەو بارەگای سوپای عیراق بەڕێکەوتن و سەرەڕای ئاستەنگییەکان، ڕاگەیەندراوێکیان لەبەردەم بارەگاکە بڵاوکردەوە.


هاوڵاتیانی شەنگال بۆ بۆ ئیدانەکردنی هێرش و بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر ناوچەکەیان، ڕێپێوانێکیان بەرەو بارەگای سوپای عیراق لە گوندی سکێنییە لە ڕۆژئاوای شەنگال ئەنجامدا.

لەکاتی گەیشتنی هاوڵاتیانی شەنگال لەبەردەم بارەگاکە، سوپای عێراق بە بەهانەی"ئێرە جێگایەکی سەربازییە" کێشە و ئاستەنگییان بۆ هاوڵاتیان درووستکرد.

هاوڵاتیانی شەنگال کاردانەوەیان بەرامبەر ئەو هەڵوێستەی سوپای عیراق دەربڕی و لە دووری ٢٠٠ مەتر لە بارەگاکە ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.

ڕاگەیەنراوەکە لەلایەن قەحتان عەلی بەڕێوەبەری شارەوانی شەنگال خوێنرایەوەو هەڵوێستی حکومەتی عیراقیان ئیدانەکردو ڕایانگەیاند:"ئەو هێزانەی کە نەتوانن ژن و منداڵ بپارێزن بۆچی لە هەرێمەکە هەن، لە ئەمڕۆ و داهاتوو، چالاکیەکانی ئێمە لەهەموو شوێنێک بەردەوام دەبێت، تا هێرش بۆسەر شەنگال نەوەستێت چالاکیەکانی ئێمەش ناوەستێت، ئەگەر حکومەتی عێراق لەبەرامبەر هێرشەکانی سەر شەنگال بێدەنگ بێت، ئێمەش هەبوونی سوپای عیراق لەسەر خاکەکەمان قبوڵ ناکەین".

ب.ش