لەجیاتی ئاوی خواردنەوە ١١ ساڵە قوڕاو بۆ خەڵکی چۆمان بەردەدرێتەوە

دوای ١١ ساڵ لە دروستكردنی پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی شارۆچكەی چۆمان، هاوڵاتیانی ئەو شارۆچكەیە بەدەست خراپی و نەبوونی ئاوی خاوێنەوە دەناڵێنن و سەڕای هەبوونی چەندین سەرچاوەی ئاوی سازگار هێشتا قوڕاو بۆ ماڵەکان بەردەدرێتەوە.


ساڵی ٢٠٠٨ پرۆژەی ئاوی ماڵان بۆ شارۆچکەی چۆمانی سەر بە پارێزگای هەولێر دروستکرا، هەرچەند سەرەتا وا بڕیاربوو، کە سەرچاوەی ئاوەکە کانی هاوینەهەواری پرژێ بێت، بەڵام ٤٠٠ مەتر لە خوار کانییەکەوە پرۆژەکە دروستکرا و نەگەشتە سەرچاوە سەرەکییەکە.

لە ماوەی ئەم ١١ ساڵەدا بەردەوام خەڵکی چۆمان کێشەی نەبوونی ئاوی خاوێنیان هەبووە و تا ئێستا کێشەکەیان چارەسەر نەکراوە، هاوڵاتیان لەڕێگای ڕۆژنیوزەوە باس لەو کێشەیە دەکەن.

حیسامەدین ڕەفعەت، یەکێک لەو هاوڵاتیانەیە و باسی لەوە کرد، کە کێشەکە لە پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی شارۆچکەکەدایە، کە گەندەڵیی تێدا کراوە و بەشێوەیەکی نەگونجاو دروستکراوە و ئاو لە خودی سەرچاوەکەوە ناگاتە ماڵان، وتیشی: بە بەردەوامیی و بەتایبەت لە بەهار و پایزاندا قوڕولیتە و پاشماوەی ئاژەڵ و گەشتیاران دێتە ناو بۆری ئاو، ئەمەش تووشی چەندین نەخۆشیی کردووین.

هۆگر عەلی، یەكێكی دیكەیە لە هاوڵاتیانی چۆمانە و جگە لە پیسی ئاوەکە، ئاماژەی بۆ کێشەیەکی دیکە کرد، کە شکانی بۆررییەکانە و وتی: جاری وا هەیە ماوەی هەفتەیەک بێ ئاوین.

ئەو هاوڵاتییە، باسی لەوەش کرد، کە لە سنووری چۆمان چەندین سەرچاوەی ئاوی خاوێن هەیە، بەڵام خەڵکەکەی ئاوی خواردنەوەی نییە، داواشیکرد، کە حکومەت پرۆژەیەکی گونجاویان بۆ دروست بکات و لەو کێشە ڕزگاریان بکات، بۆ ئەوەی ناچار نەبن بە دەبە ئاو بۆ ماڵەکانیان ببەنەوە.

لەبەرامبەردا، ئەحمەد قادر، قائیمقامی شارۆچكەی چۆمان بە ڕۆژنیوزی وت: هەر لەسەرەتای دروستکردنی پرۆژەی ئاوی چۆمانەوە ئەو کێشەیە هەبووە، ئێستا خەریکین بەشێوەی کاتیی چارەسەری بکەین و ئاو بگەیەنینە ماڵان.

هەروەها، ئاماژەی بە هەوڵێکی دیکەیان کرد، کە ئامادەکردنی دەرخستەیەكە بۆ ئەنجومەنی وەزیران تا پرۆژەیەكی ئاو بە تێچووی دوو ملیارد دینار بۆ شارۆچكەكە دابین بکەن، بۆ ئەوەی بەشێوەی بنەڕ‌تی كێشەكە چارەسەربكەن.

ش.ف