"لەجیاتی ئەوەی دژی ژنان بن بۆ دژی هێرشەکانی تورکیا فەتوا نادەن"

ئەو ژنانەی دژی فەتوای یەکێتی زانایان تووڕەیی خۆیان دەردەبڕن، دەپرسن؛ بۆ ئەو مامۆستا بەڕێزانە دژی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان فەتوا دەرناکەن؟ ئاخۆ ئەمە حەرامە یان سەرکەوتنی ئێمە لە تەکسییەکان؟.


ناڕەزایەتییەکان دژی فەتواکەی ئەنجومەنی باڵای فتوای سەربە یەکێتی زانایانی ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان کە دەڵێت؛ "پێویستە ژن بە تەنیا سەر تەکسی نەکەوێت"، بەردەوامە، لە شاری سلێمانی ژنان لەسەر ئەو بابەتە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

گەلاوێژ حسێن، یەکێک لەو ژنانەیە و فەتواکەی بە توندی شەرمەزارکرد و وتی: ژن خاوەن کەرامەت و ئیرادەیە، پێویستە ژن وەک ئامرازێک سەیر نەکرێت، ئەو فەتوایەی دەرکراوە، بێڕێزییشە بەرامبەر شۆفێڕانی تەکسی، بێڕێزییە بەرامبەر ئەو ژنانی سواری تەکسی دەبن، من خەڵکی ئەم شارەم و ساڵانە دەبینم ژن سواری تەکسی دەبێت و شتێکی خراپ ڕووینەداوە،.

گەلاوێژ بە پێویستی زانی، لە زووترین کاتدا ئەنجومەنی باڵای فەتوا، داوای لێبوردن لە ژنانی هەرێم بکات، داواشی لە هەمووان کرد کە دژی ئەو فەتوایە بوەستنەوە.

ڕۆژنامەنووس ژینۆ محەمەد، ئاماژەی بەوەدا کە ژنان لە ئاستێکدا نین دژیان فەتوا بدرێت، ژنان بوونەتە خاوەن ئیرادە و شۆڕشگێڕن، وتیشی: باشە مەلا بەڕێزەکان؛ ئێستا هەموو بیر، ڕۆح و خەباتمان لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستانە، ئێستا هاتووی بەمن دەڵێی؛ 'بە تەنیا سوار تەکسی مەبە'؟ دەی باشە کاتێک ئەو هەڤاڵانە شەهید دەبن، شەڕ دەکەن و خوێن دەڕێژن، چییان پێیدەڵێیت؟.

ژینۆ، وتیشی: وەک ژنانی باشوری کوردستان هەوڵدەدەین بیرێکی وەها بشکێنین، لەژێر ناوی فەتوا، حەڵاڵ و حەرام، ئەو هەڵسوکەوتە قبوڵ ناکەین.

ژینۆ محەمەد ناڕەزایەتی خۆی بەو پرسیارە کە؛ بۆ دژی هێرشەکانی تورکیا فتوا نادرێت؟ بەردەوام کرد و وتی: بۆ ئەو هێرشانە حەرام ناکەن، بۆ فەتوا نادەن و ناڵێن با ڕێگای ئاسمانی باشوری کوردستان لە فڕینی فڕۆکەکانی تورکیا قەدەغە بکرێت؟ ئەوەندە مرۆڤ بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە شەهید دەبن، ئاخۆ ئەمە حەرامە یان سەرکەوتنی من لە تەکسی؟!.

لە کۆتایی قسەکانیدا ژینۆ محەمەد، وتی: ئێمە وەک ژن دەتوانین بە بیر و هێزی خۆمان لەدژی ئەو هەڵوێستانە بوەستینەوە و هیچ شتێک ناتوانێت ڕێگامان لێبگرێت، چونکە کارێکی خراپمان نەکردووە، ئەم تێکۆشانە بۆ خۆمان بەڕێوە دەبەین، ژن بیرە، شۆڕشە و ئیرادەیە.

ش.ف