لەدوای ٢٠ساڵ کشتوکاڵکردن لە شەنگال دەستی پێکردەوە

زۆری باران بارینی ئەمساڵ دڵی جوتیارانی شەنگالی خۆشکردووە و لەدوای ٢٠ ساڵ جاریکی دیکە جوتیارانی گوندی کەرسێ لەسەر چیای شەنگال دەستیان بە کشتوکاڵکردن کردووەتەوە.


ئەمساڵ ڕێژەیەکی زۆری باران لە کوردستان باری، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی زیان بە هەندێک لە بەروبوومی جوتیاران بگەیەنێت، بەڵام لەلایەکی دیکەوە زۆرێک لەو سەرچاوە ئاویانەی کە ساڵانێکی زۆرە وشکیان کردووە ئێستا ژیاونەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی ئەو شوێنانەی ساڵانێکی زۆرە کشتوکاڵی تێدا نەکراوە ئێستا کشتوکاڵی تێدا دەکرێت.

گوندی کەرسێ، گوندیکە، کە دەکەوێتە سەر چیای شەنگال، چەندین کانی و سەرچاوەی ئاوی تێدابوو، کە ساڵانێکی زۆرە وشک ببوون، لەبەر وشکبوونی ئەو کانی و سەرچاوەی ئاویانە ٢٠ ساڵە لە هەندیک زەوی بەراوی ئەو گوندەدا کشتوکاڵ نەکراوە.

مەریوان شەنگالی، کە جوتیارێکی گوندی کەرسێ-یە، ئاماژە بەوەدەکات کە لەبەر کەمی ئاو نەیانتوانییەوە زەویەکانیان بەکاربهێنن بۆ کشتوکاڵ، دەشڵێت: پێش ئەوەی ئاو کەم بێتەوە، توتنمان دەکرد و بە ئاوی کانی 'پیرەخا' ئاوماندەدا، تونتنەکەشمان زۆر بەناوبانگ بوو، ئێستاش، کە کانییەکە ژیاوەتەوە جارێکی دیکە دەست بەچاندن دەکەینەوە.

ئەو جوتیارەی شەنگال داواشیکرد، کە جوتیارانی گوندەکەیان سود لە ژیانەوەی سەرچاوەئاوییەکان وەربگرن و دەست بە کشتوکاڵکردن بکەنەوە، دەشڵێت: ئەگەر هەمووان دەست بە کشتوکاڵکردن بکەنەوە پێویستمان بەبەرهەمی دەرەکی نابێت.

مەریوان، لەکۆتایی قسەکانیدا باسی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیانی کرد و وتی، کە لەئێستادا سەرقاڵی چاندنی بەرهەمی بامێ و تەماتە و خەیار و بەرهەمەکانی دیکەیانن و  دوای پێگەیشتنیان هەم بۆ خۆیان بەکاری دەهێنن هەم لێشی دەفرۆشن.

د.ع