شەممە, 8 سبت 2018 – 17:21 ڕۆژنیوز – سلێمانى
کاتژمێر ٣:٠٠ى پاش نیوەڕۆى ئەمڕۆ، بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و چین و توێژەکانی شاری سلێمانی، لە بەردەم مۆزەخانەى ئەمنەسوورەکە لە شارى سلێمانى، گردبوونەوەیەک بۆ ئیدانەکردنى لەسێدارەدانى هەرسێ زیندانى سیاسى کورد ڕامین حسێن پەناهى، زانیار و لوقمان مورادى ئەنجامدار.
لە گردبوونەکەدا سالار مەحمود، ئەندامى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان، قسەىکرد و وتى: شەرمەزارییە بۆ کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى و پەرلەمانى ئەوروپا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانى مافى مرۆڤ، کە ڕامین حسێن پەناهى و زانیا و لوقمان مورادى لە سێدارە بدرێت، دەکرا حکومەتى هەرێمیش ڕۆڵى هەبوایە لە ڕاگرتنى سزاى لە سێدارەدانى ئەو سێ زیندانییە سیاسییە، وێنەى لە سێدارەدانى ئەو سێ زیندانییە سیاسییە هەمان وێنەى لەسێدارەدانى پێشەوا قازى محەمەد-ە، گەلى کورد بەم کارانە بەهێزتر و بڵندتر دەبێت”.
دواتر ئەمجەد حسێن پەناهى، براى ڕامین حسێن پەناهى، قسەىکرد و وتى:”جارێکى دیکە کۆمارى ئیسلامى نیشانى دا کە بەشێوەیەکى دڕندانە ڕووبەڕووى نەیارانى دەبێتەوە، لەگەڵ لەسێدارەدانى ڕامیندا لوقمان و زانیارى مورادى لە سێدارە دراوە، ئەمڕۆ ڕۆژێکى ڕەش بوو بۆ کوردستان، لەقامیشلۆ وە بگرە هەتاوەکو سنە هێرش هەبوو لەسەر کوردستان”.
وتیشى:”بەپێى دواین هەواڵەکان ڕامین بە وتنەوەى سرودى نەتەوەیى ڕێى خەبات، چووەتە بەردەم پەتى سێدارە، هەروەها لە چەند ڕۆژى پێش لەسێدارەدانیدا ئەشکەنجەیان دابوو بۆ ئەوەى مانگرتنەکەى بشکێنێت، بەهۆى ئەشکەنجەوە قۆڵى شکابوو، ڕامین بووە نمونەى مەزڵومییەتى گەلێک کە ٤٠ ساڵە لەژێر زوڵمى کۆمارى ئیسلامى ئێراندایە”.
ئەمجەت حسێن پەناهى نیگەرانى خانەوادەکەیانى بەرامبەر حکومەتى هەرێمى کوردستان دەربڕى و وتى:”وەک ڕەخنەیەک لە حکومەتى هەرێمى کوردستان پێمان وایە ئەگەر هەوڵێکى ڕاستەقینەیان بدایە لەڕێگەى پەیوەندییەکانیانەوە دەیانتوانى سزاى لەسێدارەى ڕامین ڕابگیرێت، بەڵام نەیانکرد، بۆیە داوادەکەین ئەگەر ڕامینەکانى دیکە ڕووبەڕووى سزاى لە سێدارە بوونەوە ئەوا هەڵوێستیان هەبێت”.
ب.ل