​​​​​​​لەسەر مەزاری شەهیدان داوای هەڵوێست لە عێراق و هەرێم دەکرێت

​​​​​​​کەسوکاری شەهیدان لەسەر مەزاری شەهیدانی کورتەک گردبوونەوە و داوای هەڵوێستی هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراقیان کرد لەبەرامبەر بۆردوومانەکانی تورکیا.


ئەمرۆ کاتژمێر ۱۰ لە سەر مەزاری شەهیدانی کورتەک، کە لە۲۱/۸/۲۰۱۱ بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکەوە ۷ ئەندامی یەک خێزان لە لۆفەکانی کورتەکی بناری قەندیل شەهیدبوون، کەسوکاری شەهیدان گردبوونەوە.

گردبوونەوەکە بۆ نیشاندانی ناڕەزایەتیی بوو لەدژی داگیرکاریی و بۆردوومانە بەردەوامەکەی دەوڵەتی تورک.

یەعقوب مستەفا، یەکێک لە کەسوکارانی شەهیدانی کورتەک، لەسەر ناوی کەسوکاری شەهیدان قسەیکرد و وتی: هەموو کەس دەزانێت، کە کەسوکارمان لەلایەن فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکەوە شەهید کران، حکومەتی هەرێم و عێراق-یش بیدەنگ بوون، ئێمە وەک کەسوکاری شەهیدانی دەستی بۆردوومانەکانی تورکیا داوا لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند دەکەین، کە هەوڵی جدیی بدەن بۆ ڕاوەستانی بۆردوومان و هەوڵە داگیرکەرییەکانی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان.

یەعقوب مستەفا، وتیشی: ئامانجی تورکیا لە ناوبردن و چەوسانەوەی گەلی کوردە، بەڵام خەیاڵی خاوە، گەلی کورد نە لەناودەچێت و نە تەسلیمیش دەبێت، کورد نە چۆک لەبەرامبەر هیچ دووژمنێک دانانێ، بۆیە داواکاری ئێمە ئەوەیە کەسوکاری ئێمە شەهید بوون، بەڵام با چیتر خوێنی کەسیتر نەڕژێت و هەموو کەسێک بە ئاشیتی و ئارامیی بژی.

ش.ف