لەسەر مەزاری کاوە گەرمیانی یادی ڕۆژنامەگەریی کوردیی کرایەوە

بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی گەرمیان و کەسوکاری شەهیدی قەڵەم کاوە گەرمیانی، لەسەر گڵکۆی کاوە گەرمیانی یادی ۱۲١ساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردیی-یان کردەوە.


ئەمڕۆ ١٢١ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر بڵاوکردنەوەی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردیی بەناوی کوردستان و ئەو ڕۆژە بە ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردیی دەستنیشانکراوە.

لەو یادەدا بەشێک لە ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانی گەرمیان و کەسوکاری شەهیدی قەڵەم کاوە گەرمیانی لە سەر گڵکۆی شەهیدی قەڵەم کاوە گەرمیانی، لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ئەو یادەیان بەرزڕاگرت و شەهیدانی قەڵەم و سنوردارکردنی ئازادیی ڕۆژنامەگەریان لە کوردستان وەبیرهێناوە.



لە کۆتاییشدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕۆژنامەنوس ئازاد عوسمان، سەبارەت بە یادەکە و چالاکییەکەیان وتی:"ئێمە لەدوای تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانییەوە، هەموو ساڵێک لە یادی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا لەسەر گڵکۆی ئەو کۆدەبینەوە و ئەم یادە لێرە بەرزڕادەگرین، بەو ئامانجەی کەهێشتا کەیسی کاوە گەرمیانی لای ئێمە بە کراوەیی ماوەتەوە ئەو هەوڵانەشی کە دراوە بۆ کەیسەکەی بە دڵی ڕۆژنامەنوسان و کەسوکارەکەی نییە، وە ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە تا ئێستا ڕەوشی ڕۆژنامەگەری کوردی و ئازادیی ڕۆژنامەگەریی لە گەرمیاندا لە مەترسیدایە.

هەروەها وتی: بەڵگەش بۆ قسەکانمان شەهیدانی قەڵەم و ئەو پێشێلکارییانەن کە بەردەوام بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان دەکرێت، هەروەها جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئێمەی ڕۆژنامەنوسان لە گەرمیان سەرباری هەموو ڕێگری و پێشێلکاری و مەترسییەکان، درێژەپێدەری ڕۆژنامەگەریی کوردی دەبین.


شەوى ٥ـ ١٢ ساڵی ٢٠١٣، ڕۆژنامەنووس کاوە گەرمیانى، لە ماڵی دایکى لە شارۆچکەى کەلاری ناوەندی ئیدارەى گەرمیان درایە بەر دەستڕێژى گولـلە تیرۆرکرا، کەسێک-یش لەسەر تیرۆرکردنەکە بە زیندانیی هەتاهەتایی سزادرا.

د.ع