لەسەر گڵکۆکەی لە شاری سلێمانی، یادی حەوتەمین ساڵەی کۆچی دوایی شێرکۆ بێکەس، بە بەشداریی، ئەدیبان، نووسەران و هونەرمەندان و بەشێکی زۆر لە هەوڵاتیان کرایەوە، تێیدا ئامادەبووان بە نەغمە و ئاواز و هەڵبەست هەوڵیاندا پێناسەی شێرکۆ بێکەس و ئەو خزمەتە بکەن، کە بە ئەدەبی کوردیی کردووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ، بە دەستێشخەریی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم و ڕێکخراوی نوێگەر، لەسەر گڵکۆکەی لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی، یادی حەوتەمین ساڵی کۆچی دوایی شێرکۆ بێکەس، شاعیری نەتەوەیی گەلی کورد، کرایەوە.
یادەکە بە دانانی تاجە گوڵینە لەسەر گڵکۆی شێرکۆ بێکەس دەستی پێکرد، دواتر ڕەئوف بێگەرد، وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: شێرکۆ بێکەس وەک هاوڕێ و ئەدیب لە هەموومانەوە نزیک بوو، شێرکۆ ئەو شاعیرەیە کە مەلحەمەی شیعری دروستکرد و کەسێک بووە بەردەوام لەگەڵ شۆڕش و خەمی کوردا ژیاوە و هەرگیز ڕۆژێک لە ڕۆژان سەری بۆ دوژمن دانەنواندووە، یەکێکە لە دەسپێشخەرانی دامەزراندنی دەزگای سەردەم، ئەگەر شێرکۆ نەبوایە دەزگای سەردەم دروست نەدەبوو.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەگەر حکومەت دەربەستی گەل و بەرژەوەندییەکانی بوایە، دەبوایە یادکرنەوەی شێرکۆ بێکەسی بەشێوەیەکی شایستە ئەنجام بدایە.
پاشان لەلایەن بەشێک لە نووسەران و شاعیران، پێناسە جیاجیا بۆ کەسایەتی شێرکۆ بێکەس کرا، دواتر بە ئاواز و موزیک و گۆرانی، یادەکە ڕازێندرایەوە.
لە کۆتایشدا سەروین عەلی، ئەندامی ڕێکخراوی نوێگەر ژیاننامەی شێرکۆ بێکەسی خوێندەوە و بە موزیک و گۆرانی کۆتایی بە یادەکە هات.

د.ع