لەسەر یاسای چاکسازیی ١٦ ڕێکخراو هۆشداریی دەدەنە پەرلەمان

لەسەر پڕۆژەی یاسای چاکسازیی و ئەو بڕگانەی پەیوەندییان بە خەنەنشین و ئیمتیازی شەهیدان و ئەنفالکراوانەوە هەیە، ١٦ ڕێکخراو هۆشداریی دەدەنە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و دەڵێن: دەستبردن بۆ مووچەی شەهیدان و کەسوکاری ئەنفالکراوان لە ژێر هەر ناونیشانێک بێت هێلی سوورە.


لە دوو ڕۆژی ڕابردوود پەرلەمانی هەرێمی کوردستان خوێندنەوەی دووەمی بۆ پڕۆژەیاسای چاکسازیی کرد، بڕیارە سبەینێش دەنگ لەسەر پڕۆژە یاساکە بدرێت و بکرێتە یاسا.

لە ماددەی دووەمی پڕۆژە یاساکەدا، باسی چاکسازیی لە مووچە و ئیمتیازیی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراواندا کراوە، داواکراوە، کە لەکاتی مردنی میراتگرانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئیمتیاز و خانەنشینییەکان نەگوازرێتەوە بۆ کەسانی دیکە، ئەوەش نیگەرانی لای کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دروستکردووە.

١٦ ڕێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی لەبارەی ئەو چاکسازیانەی کە بڕیارە لە ئیمتیاز و مووچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراواندا ئەنجامبدرێت، نامەیەکیان ئاڕاستەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کردووە کە دەقەکەی بەم شێوەیەیە:

دەستبردن بۆ مووچەی شەهیدان و کەسوکاری ئەنفالکراوان لە ژێر هەر ناونیشانێک بێت هێلی سوورە

ئێمە وەک کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان وێڕای دەستخۆشیمان لەو هەنگاوانەی کە دەنرێن بۆ پاککردنەوەی لیستی شەهیدان و ئەنفالکراوان، بەڵام نیگەرانین لەوەی کە لە بەشی دووەمی یاسای چاکسازیی لە ماددەی دووەم و خاڵی سێیەم هاتووە:

لە کاتی مردن یان بڕینی مافی دارایی سەرجەم میراتگرانی شەهیدان یان ئەنفالکراوان و قوربانیانی جینۆساید، کە بۆ لەمەودوا بە گویرەی یاسای خانەنیشینی بەرکار ئەو میراتگریە دەستنیشان دەکرێت، ئەو مافە داراییە کۆتایی پێدیت و ناگوازرێتەوە بۆ کەسانی دیکە.

ئەو ماددەیە پیچەوانەی یاسایی ژمارە(٩)ی ماف و ئیمتیازی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراون کە لە ساڵی ٢٠٠٧ دەرچووە  و یاسای هەموراکراوی ژمارە(٧)ی ساڵی ٢٠١٣ یە، وە بە جێبەجیکردنی هەزاران خیزان لە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان مووچەکانیان دەبڕدرێت، بۆیە ئێمە لەو ڕێکخراو و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان کە لە خوارەوە ناومان هاتووە داواکاری:

-پەرلەمانی کوردستان یاسایی ئیمتیازی شەهیدان تێکەڵی پرسی چاکسازیی نەکات.

- نابێت ئەو بڕگەیە لە یاسایی چاکسازی دەنگی بۆ بدرێت.

دواجار دەڵێین بڕینی مووچەی شەهیدان و ئەنفالکراوان لای ئیمە هێلی سورە و قەبوولی ناکەین.

1- رێكخراوی منداڵە ونبووەكانی هەڵەبجە

2-  كوردستان بێجینۆساید

3- رێكخراوی چیرۆكەكانی ئەنفال

4- تۆڕی هاوپەیمانی رێكخراوە كوردستانییەكان بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی

5-  تۆڕی ئایكان بۆ نەهێشتنی چەكی ناوكی

6- رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ

7- هەڵمەتی دادپەروەری

8- رێكخراوی چاودێری كوردۆساید- چاك  كوردستان

9- رێكخراوی مانەوە بۆ شەهید و ئەنفال

10- رێكخراوی چاوی ئەنفال

11- رێكخراوی چواردەی چوار

12- رێكخراوی شەهیدانی سەنگەر

13- رێكخراوی ناسنامە

14- كۆمەڵەی داكۆكی كار لە پرسی ئەنفال

15- رێكخراوی زیندانیانی ئەنفال لە گەرمیان

16- رێكخراوی كازی بۆ پرسی جینوسایدی كورد