لەسەیدسادق بەڕێپێوان پیلانگێڕیی١٥ی شوبات شەرمەزارکرا

لە ٢٢مین سڵڕۆژی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی دژی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە، لە سەیدسادق ڕێپێوانێکی جەماوەریی ئەنجامدرا و تێیدا ئیدانەی ئەوپیلانگێڕییە نێودەوڵەتییە کرا و دواکرا بۆ ئازادکردنی ئۆجالان هەموو تاکێیکی کورد بە ئەرکی خۆیان هەستن و فشار دروستبکەن.


 ئێوارەی ئەمڕۆ، لەشارۆچكەی سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی، بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات ڕێپێوانێک لەبەردەم پاركی چنار و هێمن، بۆ ناوبازاڕی شارۆچکەی سەیدسادق ئەنجامدرا.

لە ڕێپێوانەکەدا پۆستەر و دروشم بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕیی ١٥ شوبات بەرزکرانەوە و هەروەها دروشمەکانی، 'لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ لەدایكبوین لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەبین و سەردەكەوین' وترانەوە، هەروەها وێنەی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە بەرزکرایەوە.

تانیا كەریم، ئەندامی ڕێكخراوی ژنانی ئازادی كوردستان- ڕژاك، بەیاننامەی ڕێكخراوەكەیانی خوێندەوە کەتێیدا هاتبوو: ئۆجالان، وەك ڕێبەرایەتیەكی بێ‌ وێنە لەیەكەم هەنگاوی تێكۆشانیەوە، هەتا پێشكەشكردنی جیهان بینیە تازەكەی، تەواوی پرۆژەی و نەخشەڕێگاكانی لەپێناو بۆنیاتنانی سیستەمێكی دیموكراتیانەی گەلانبوو، ئاشكراشە بۆجاری یەكەم گەلی كورد لەسایەی فكرو فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆدا توانی كەسایەتی کوردێکی ئازاد بونیات بنێت، توانی لەئاستێكی هەرە بڵند زهنیەت و ڕۆحیەتی یەكێتی نەتەوەی زیندو بكاتەوە.

لەدرێژەی بەیاننامەکەی ڕاژاکدا هاتبوو: لەسایەی فكرو فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆدا، تەواوی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونە خاوەنی پرۆژەی خۆبەڕێوەبردنی دیموكراتیانە، خاڵی هەرە گرنگیش ناوەندی هەموو هەنگاوەكان تێكۆشانی ئازادیی ژنانەو بونیاتنانی ژن و پیاوی ئازادە، كەبەواتای ئازادی تەواوی كۆمەڵگا دێت.

لەكۆتای بەیاننامەكەشیاندا هاتبوو: وەك كۆمیتەی ژنانی باشور بۆ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ، داوا لەهەموو تاكێكی خاوەن ویژدان و دیموكراتیخواز و خاوەن هەڵوێست دەكەین، وەرن پێكەوە تواناكانمان بكەین بەیەك و كۆتای بەگۆشەگیریی بهێنن هەڵمەتی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوەبەرن، چونكە ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ بەواتای بەرقەرار بوونی ئاشتی و دیموكراسی و بەیەكەوە ژیانكردنی گەلانە.

هەر لە ڕێپێوانەکەدا هەرێم ئەبوبەكر، بەیاننامەی كۆمیتەی ئازادی ئۆجالانی خوێندەوە کەتێیدا هاتبوو: درێژەدان بەسیستەمی ئیمراڵی شەرمێكی مرۆڤانەیە، ئیدی بەسە با ئۆجالان ئازاد بكەین، لەقۆناغی ئەمڕۆشدا گۆشەگیریی و ئەشكەنجەی ئیمراڵی هێرشی هۆڤانەی فاشیزمی ئەردۆغان، هەموو سنوورێكی بەزاندووە، ڕای گشتی بەرژەوەندیخوازی نێودەوڵەتیش بێهەڵوێستە لەبەرانبەر ئەو دڕندەییەی و بێ‌ مافیەی لەسەر ڕێبەری گەلەكەمان ئەنجامدەدرێت، هەستیاریی و توڕەیی گەلەكەمان لەبەرانبەر دۆخی ڕێبەر ئاپۆ گەیشتۆتە ئاستێكی زۆر بڵند، پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەم ڕووەو بەئەركی یاسای ئەخلاقی و مرۆی خۆیان هەستن، ئەم شەرمە لەكۆڵ خۆیان بكەنەوە.

لەبەیاننامەكەشیاندا داوادەكەن، ئۆجەلان هەرچی زوە ئازاد بكرێت، دەشڵێن: لەپێناو ئازادیی ئۆجالاندا هەمیشە لەنێو تێكۆشاندا دەبین، هەموو ڕێگەو ڕێبازێكی مەدەنیانە دەگرینە بەر، هاوكات داوا لەگەلی خۆمان و ئازادیخوازان دەكەین، زیاتر بەگوڕتر خاوەندارێتی لەو سەركردە مەزنەی گەلان و مرۆڤایەتی بكەن، بەچالاكی بەرفراوان ڕای گشتی بورژێنن، پێویستیشە گەلەكەمان تائازادكردنی ڕێبەرەكەی هەمیشە لەسەر پێیان بێت، باهەموومان پێكەوە ئیرادەی ئاشتی و ئازادیی و دیموكراتی سەربخەین و ئۆجالان ئازاد بكەین.

د.ع