لەلایەن خێرخوازانەوە دوو نەخۆشخانە لە چەمچەماڵ و خانەقین دروستدەکرێت

بەمەبەستی دابینکردن جێگایەکی تایبەت بۆ توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەلایەن خێرخوازان و سەرمایەدارانی چەمچەماڵ و خانەقین، دەست بەدروستکردنی دوو نەخۆشخانە کرا، کە بڕیارە لەماوەی مانگێکدا تەواوبکرێن.


ئەمڕۆ، لە هەردوو شارۆچکەی چەمچەماڵی سەر بەپارێزگای سلێمانی و خانەقینی سەربە پارێزگای دیالە، دەست بە دروستکردنی دوو نەخۆشخانە کرا، نەخۆشخانەکەی شارۆچکەی چەمچەماڵ ٦٠ قەرەوێڵەییە، هەروەها نەخۆشخانەکەی شارۆچکەی خانەقین ٢٥ قەرەوێڵەییە.

دارا عەبدولکەریم، خاوەنی پرۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەی چەمچەماڵ، بە ڕۆژنیوزی وت: نەخۆشخانەکە ناوی چەتری باوک ـ ە و نەخۆشخانەیەکی ٦۰ قەرەوێڵەیی دەبێت، بڕیارە لەماوەی ۱٥ بۆ ۲۰ ڕۆژ تەواو بێت، لەسەر ستانداری جیهانی و مۆدێڕن دروستدەکرێت، لە دروستکردنی بینایی نەخۆشخانەکە، بێجگە لە خەڵکانی فەقیر و خۆبەخش، کەس هاوکاریی نەکردوین.

سەروەرعەلی، چالاکوان لە شارۆچکەی خانەقین و سەرپەرشتیاری دروستکردنی نەخۆشخانەکە، لەبارەی دروستکردنی نەخۆشخانەکەی خانەقینەوە بە ڕۆژنیوزی وت: پێشنیارم کرد، نەخۆشخانەیەک هاوشێوەی شاروشارۆچکەکانی دیکەی کوردستان دروستبکرێت، ژمارەیەک سەمایەدار و خێرخواز هاتنە سەر خەت و دەست بە دروستکردنی نەخۆشخانەکە کرا، نەخۆشخانەکە ۲٥ قەروێڵەیە و بڕیارە لەماوەی یەک مانگدا تەواوبکرێت.

د.ع