لەهەر شوێنێک تێکۆشانی کورد هەبێت هێرشی دەوڵەتی تورکیش هەیە

ئەمین چیرە، بەرپرسی پلاتفۆرمی زاگروس، لەبارەى هێرش و هەڕەشەکانى دەوڵەتى تورک بۆسەر گەلى کورد دەڵێت، کە لەهەر شوێنێک تێکۆشانی کوردان بۆ دیموکراسی و ئازادی هەبێت، هێرشی بێ ئەخلاقانەی دەوڵەتی تورکیش هەیە، بۆیە تێکۆشان بۆ ئازادی سەرۆک ئاپۆ گرێدراوە بە تێکۆشان بۆ ئازادی گەلی کورد.  


داگیرکاریی و هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشور و ڕۆژئاوای کوردستان و لە درێژەی سیاسەتەکانی دژە کورد و پێشلکاریەکانی دەوڵەتی تورک گۆشەگیری سەر عەبدولا ئۆجاڵان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان بەردەوامی هەیە، لەبەرامبەردا بەرخۆدان لەدژی ئەو سیاسەتانە لە زیندانەکان، چوارپارچەی کوردستان و ئەوروپا بەهێز و فیداکاری بەردەوامە، لەوبارەیەوە ئەمین چیرە، کە یەکێکە لە چالاکوانانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

ئەمین چیرە، بەرپرسی پلاتفۆرمی زاگروس ئاماژە بەوە دەکات، کە هێرش و داگیرکاری ئەردۆغان و دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بۆ سەر گەلی کورد و تەڤگەری ئازادیخوازی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە و دەڵێت: دەوڵەتی تورک هەموو کوردان و دەسکەوتەکانی لە تەواوی کوردستان کردووەتە ئامانج، لە هەر شوێنێک تێکۆشانی کوردان بۆ دیموکراسی و ئازادی هەبێت، هێرشی بێ ئەخلاقانەی دەوڵەتی تورکیش هەیە.

چیرە لە بەردەوامی قسەکانی دەڵێت: بەداخەوە هەندێک کوردی کۆیلە، بە تایبەت دەستەڵاتدارانی باشور، هاوکاری داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا دەکەن، داگیرکردنی پانتاییەکی بەرچاو لە خاکی باشور لە لایەن سوپای تورک و چالاکی دەزگای سیخوڕی میت لە سەرتاسەری باشوردا، ڕاستەوخۆ بە هەماهەنگی و هاوکاری دەسەڵاتدارانی باشور بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستانی- عێراق بەرێوە دەچێت.

ئەمین چیرە لەسەر ئەرکی ئازادیخوازان لەدژی ئە هێرشانە دەڵێت: هەر هێزێکی ئازادیخواز و هەر تاکێکی وڵاتپارێز ئەرکە لە سەری کە دژی داگیرکاری دەوڵەتی تورک و دەسەڵاتدارانی کوردی دەستەمۆی ڕژێمی ئەردۆغان بوەستێتەوە و تێکۆشان بکات.

ئەمین چیرە، بەرپرسی پلاتفۆرمی زاگروس، هەڵسوکەوتەکانی دەوڵەتی تورک لە بەرانبەر سەرۆک ئاپۆ بە نمونەی هەڵسوکەوتی دەوڵەتی تورک لە بەرانبەر گەلی کورد دەزانێت و دەڵێت: مێژوی ئەو بیست ساڵەی دوایی بە ڕوونی نیشانی داوە کە پەڕەسەندنی زەخت و فشارەکان لە سەر ئیمراڵی هاوکات بووە لەگەڵ زیادبوونی هێرش و داگیرکاری دەوڵەتی تۆرک بۆ سەر گەلی کورد، بۆیە تێکۆشان بۆ ئازادی سەرۆک ئاپۆ گرێدراوە بە تێکۆشان بۆ ئازادی گەلی کورد.

د.ع