لە ئەنجامى تۆمارکردنى سکاڵا زیاتر لە ١٥ هەزار خوێندکارى دیکە لە زانکۆکان وەرگیران

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وەرگرتنى ١٥ هەزار و ٧٦٣ خوێندکارى دیکەی لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بەپێى ئەنجامى سکاڵاکانیان ڕاگەیاند، هەروەها چوار هەزار و ٩١ خوێندکارى دیکەش کە داواى شوێنگۆڕینیان کردبوو بەپێى داواکارییەکانیان شوێنەکانیان بۆ گۆڕاوە.


ئێوارەی ئەمڕۆ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی لەسەر ئەنجامی سکاڵاکانی خوێندکاران لێدوانێکیدا و ئەنجامی سکاڵاکانی ڕاگەیاند.

عەباس ئەکرەم، وتەبێژى وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگەیاند: دواى ئەوەى له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و ڕەخساندنى دەرفەتی زیاتر بۆ دەرچوانى قۆناخى دوانزەى ئامادەیى، پلانى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٨-٢٠١٩) زیاد کراو دەرگاى پێشکەشکردنى سکاڵا بۆ دەرچووانى قۆناخى دوانزەى ئامادەیى کرایەوە، لە ئێستادا وەزارەتەکەمان ئەنجامى سکاڵاکان رادەگەیەنێت کە بەم شێوەیەى خورارەوەیە:

١- لەئەنجامى پێشکەشکردنى سکاڵادا (١٩٨٥٤) دەرچووى قۆناخى دوانزەى ئامادەیى بەهەردوو خول سکاڵایان تۆمارکردووە. لەو ژمارەیەدا (١٥٧٦٣) خوێندکار ئەوانەن کەناویان لەهیچ شوێنێک نەهاتبۆوە، (٤٠٩١) خوێندکاری دیکەش کە داواى گۆڕینى شوێنیان کردبوو شوێنەکانیان بۆ گۆڕدراوە.

٢-   وەرگرتنى (١٥٧٦٣) خوێندکارى تر لە زانکۆ و پەیمانگەکان، کە پێشتر ناویان لە هیچ شوێن دەرنەچووبوو بەپێى ئەنجامى سکاڵاکان ناویان لەم شوێنانە گەڕاوەتەوە کە خۆیان داواکارییان بۆى پێشکەش کردبوو. لەم ژمارەیەدا (٦٧٤) خوێندکار لە دەرچووانى خولى یەکەمن.

٣- ئەنجامدانى شوێن گۆڕین بۆ (٤٠٩١) خوێندکار کە داوى شوێن گۆڕینیان کردبوو، بۆیە بەپێى داواکارییەکانیان شوێن گۆڕینیان بۆ کراوە.

٤- لە ئێستادا کۆى گشتى وەرگیراوان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٨-٢٠١٩) بریتییە لە (٤٣٤٢٦) چل و سێ هەزار و چوار سەدو بیست و شەش وەرگیراوى خولى یەکەم و دووەمى قۆناخى دوانزەى ئامادەیى.

٥- دەرچووانى قۆناخى دوانزەى ئامادەیى، دەرچووانى خولى یەکەم و خولى دووەم ئەوانەى سکاڵایان تۆمارکردووە دەتوانن سەعات 9ى سەرلەبەیانى رۆژى یەکشەممەوە ڕێکه‌وتی (3/11/2018) به‌هه‌مان وشه‌ی تێپه‌ڕ و وشه‌ی نهێنی (پاسۆرد و یوزه‌رنه‌یم) ئەنجامى وەرگرتیان لە زانکۆو پەیمانگەکان له‌ وێبسایتی (www.regayzanko.com) به‌شێوه‌ی ئۆنلاین وەربگرنەوە.

٦- وەرگیراوان لەزانکۆ و پەیمانگەکان پێویستە دواى وەرگرتنەوەى ئەنجامەکان پەیوەندى بە بەش و کۆلێژەکان بکەن بۆ خۆتۆمارکردن و مامەڵەکانیان بۆ دەستکردن بە پرۆسەى خوێندن.

 

ک.ک