پارێزەرێک پشتگیریی هەوڵەکان دەکات بۆ ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان و دەڵێت: پێویستە حکومەتی تورکیا بەدەم ئەو داواکاریی و هەوڵدانانەوە بێت، کە بۆ بەڕێز ئۆجالان دەدرێت.
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان، ئەمڕۆ لە ناوخۆی کوردستان و وڵاتانی جیهان، لەلایەن پارێزەران، چالاکوانان، سیاسەتمەدار و ئازادیخوازان، گەورەترین هەڵمەت بەڕێوەدەچێت، پارێزەران لە هەرێمی کوردستان پشتیوانی ئەو هەڵمەتە دەکەن.
لەو بارەیەوە، کارزان فازڵ، پارێزەر و سەرۆکی ڕێکخراوی (DHRD) ڕایگەیاند، کە پشتگیری هەموو ئەو هەوڵانە دەکات بۆ ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان دەدرێت و وتی: هەر دەستگیرکراوێک کۆمەڵێک مافی خۆی هەیە بەپێی پێوەرە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، پێویستە حکومەتی تورکیا بەدەم ئەو داواکاریی و هەوڵدانانەوە بێت، کە بۆ بەڕێز ئۆجالان دەدرێت، لەلایەن پارێزەران و چالاکوانان و یاساناسانەوە.

ئەو پارێزەرە بۆ ڕۆژنیوز وتیشی: ئەو کەیسە سیاسییە، کە ئەمە دووجار تاوانە بەرامبەر بەڕێز ئۆجالان، چونکە بەپێی یاسا تاوان دیارە و سزاکەشی دیارە، بابەتی سیاسیی یەکێکە لە ئازادییەکانی مرۆڤ، بەپێی ڕێککەوتنە جیهانییەکانی مافەکانی مرۆڤ و پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان باسی لێوەکراوە، هیچ یاسایەک ڕێگا بە گۆشەگیریی و زیندانی تاکەکەسی نادات، مەگەر دۆخێکی زۆر نەخوازراو و تایبەت هەبێت ئەویش بە بڕیاری سیاسی نابێت.
س.س