ڕێکخەرانی کەمپەینی دەرکردنی پەکەکە لە لیستی ڕێکخراوە قەدەغەکراوەکان ڕایدەگەیەنن، زیاتر لە ١٠٠هەزار واژۆ کۆکراوەتەوە و دەمانەوێت بیگەیەنین بە ملیۆنێک واژۆ، لە داهاتووشدا کۆنفرانس و کۆبوونەوەی فراوان سازدەکەن لەم بارەیەوە.
سەرەتای ئەمساڵ لە مەراسیمێکدا لە هۆڵی خاک لە شاری سلێمانی، کەمپەینی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ دەرهێنانی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە لە لیستی ڕێکخراوە قەدەغەکراوەکان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا.
سەدان کەس لە سیاسەتمەدار، ئەدیب، نووسەر، کەسایەتیی، هونەرمەند، مامۆستای ئاینیی و پێشمەرگەی دێرین و توێژی جیاجیا لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر، کەرکوک، هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان بەشدارییان لە مەراسیمەکەدا کرد.
محەمەد ئەمین پێنجوێنی یەکێک لە ڕێکخەرانی کەمپەینەکە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: تا ئێستا کەمپەینەکە زۆر بە باشی بەڕێودەدەچێت و خەڵک بەگەرمیی پێشوازییان لێکردووین.

وتیشی: تا ئێستا لە باشووری کوردستان زیاتر لە ١٠٠هەزار واژۆ کۆکراوەتەوە، ئێمە دەمانەوێت بیگەیەنین بە ملیۆنێک واژۆ، ئەوکاتە دەینێرین بۆ داداگای نێودەوڵەتیی لاهای لە هۆڵەندا و دادگای ستراسبۆرگ لە فەرەنسا و چەندین دەزگا و دامەزراوەی پەیوەندیدار بەم پرسەوە لە جیهاندا.
محەمەد ئەمین پێنجوێنێ، ڕایگەیاند: لە داهاتووشدا کۆنفرانس و کۆبوونەوەی فراوان سازدەکەن بۆ هەمان بابەت.
ش.ف