لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ٣٣٤ هاوڵاتی شەهید بوون

نەتەوە یەکگرتووەکان بانگەشەی ئەوە دەکات، کە لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ٩٢ سڤیل کوژراون، بەڵام بەپێی ئامارەکانی مانگی سوری کورد، ٣٣٤ سڤیل کوژراون کە ناویشیان تۆمارکراوە.


ڕۆبێرت کۆلڤیل، وتەبێژی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتوەکان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە نووسینگەی کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ (OHCHR)، لەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا قسەیکرد.

ڕۆبێرت کۆلڤیل بانگەشەی ئەوەی کردووە کە، بەهۆی هێرشەکانی سەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ژیانی ١٠٠ هەزار مرۆڤ لە مەترسیدایە و خەڵکی مەدەنی هێشتاش باجی هێرشەکان دەدەن، لە ماوەی ٩ی ئۆکتۆبەر بۆ ٥ی ئەم مانگە ٩٢ سڤیل گیانیان لەدەستداوە.

ئەم قسانەی کۆلڤیل لە کاتێکدایە، کە بەپێی ئامارەکانی مانگی سوری کورد کە بە وردی ناو، تەمەن و تەنانەت کات و شوێنی شەهیدبوونی ئەو کەسانەی بڵاو کردووەتەوە، لەو ماوەیەدا بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە ٣٣٤ سڤیل شەهید بوون.

س.ح