لە بناری قەندیل'یش ڕفاندنی ئۆجالان شەرمەزار کرا

بە ڕێپێوانی هاوڵاتیان، لە گوندی شەروێت'ی بناری قەندیل گەلەکۆمەی سەر ئۆجالان شەرمەزار کرا.


ئەمڕۆ کاتژمێر ٠٢:٣٠، لە گوندی شەروێتی بناری قەندیل، دژی گەلەکۆمەی ۱٥ی شوبات کە کرایە سەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە، ڕێپێوانێک بەڕێوەچوو، تێیدا داوای یەکڕیزی و هەوڵوێستیان لە حزبە سیاسییەکان کرد.

ڕێپێوانەکە لە ناو گوندی شەروێت تا مەزارگەی گوند بە دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ، بە گیان و بە خوێن لە گەڵ تۆین ئەی سەرۆک، بژی بەرخۆدانی ئیمرالی"، بەردەوام بوو.

دوای ڕێپێوانەکە لێدوانی کۆمیتەی ئازدی بۆ ئۆجالان لەلایەن کارزان پیرۆت خوێندرایەوە، کە تێیدا هاتبوو: مێژوو شاهیدە دوژمنانی گەلی کورد و کوردستان بەردەوام خەریکی پیلانگێڕیی و داگیرکاری بوون و چاویان بە ئازادی و مافی ڕەوای  گەلی کورد هەڵنەهاتووە، هەموو پیلانەکانیان لەم چوارچێوەیەدا بووە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە: هێرشی سەر گەلی کورد چۆن بە درێژایی مێژوو لە سەردەمی شێخ سەعید، سەید ڕەزای دێرسیم، کۆمەلکوژی گەلی زیلان و مەرەش و چەندین نمونەی دیکە بەردەوام بووە، هەر وەها لە سەدەی ۲۱ دا بە بەرچاوی جیهان و بە پاڵپشتی هێزە ئیمپریالیست و سیستمی سەرمایەداری کەوتوونەتە داگیرکردنی عەفرین و سەرێکانی و سوریا و کەرکوک و لە چەندین ناوچەی دیکە و بەردەوامی هەیە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە: ئێمە وەک گەلی کورد لە بناری قەندیل پیلانگێڕان و دەوڵەتی تورک شەرمەزارو ریسوا دەکەین و داوا لە ڕای گشتی و هەموو حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دەکەین بە تایبەتیش حزبەکانی باشوری کوردستان، کە چیتر لە ئاست پیلانی داگیرکەران بێدەنگ نەبن چونکە چارنووسی کوردان یەکە، تەنیا بە یەکێتی نەتەوەیی دەتوانین کوردستان ئازاد بکەین و سەرکەوتن مسۆگەر بکەین.

س.ح