لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی سۆران بڕێک پارە دەدزرێت

٨ ملیۆن دینار لەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی سۆران دزراوە، پۆلیسیش لەسەر ڕووداوەکە ١٥ کارمەند وەک تۆمەتبار دەستگیر دەكات.


لەپشووی سەری ساڵدا بڕی ٨ ملیۆن دینار لەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی سۆران لە سنوری پارێزگای هەولێر دزرا، لەسەر ئەو ڕووداوەش ١٥ كارمەندی هاتوچۆی سۆران دەستگیركراون.

لەكاتی پشووەكانی سەری ساڵدا، دزی لەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی سۆران کرا، بڕی ئەو پارەیەی كە دزراوە ٨ ملیۆن دینارە و لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دەوامی ئاسایی فەرمانبەراندا، ڕاستەوخۆ ١٢ كارمەندی هاتوچۆ لەسەر ڕووداوەکە دەستگیرکراون، دوای چوار ڕۆژ ٣ كەسی دیکەش دەستگیردەكرێن.

یەكێك لەو كارمەندانەی كە دەستگیركراوە لە سەرچاوەیەکی تایبەتەوە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، "سەرجەم دەستگیرکراوەکان لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كراوە و وتەی خۆیان لەبەردەم پۆلیس لێوەرگیراوە، بەڵام لەسەر هیچ یەكێك لەو ١٥ كەسە ساغ نەبووەتەوە كە پارەكەیان بردبێت" وتیشی "كلیلی سەرجەم ژوورەكان لەلای بەڕێوەبەرو ئەفسەران و كەسوكاری ئەوانە، چونكە ئەوان تەنیا كەسوكاری نزیكی خۆیان لە ژوورە گرنكەكان دامەزراندوە، بەڵام هیچ یەكێك لەو كەسانە دەستگیرنەكراوە كە كلیلی ژوورەكانیان لابووە".

ئەو كارمەندە وتیشی: ئەوانەی دەستگیركراون پاسەوانی بەردەرگای بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی سۆرانن، لەیەكێك لە كامێراكانی چاودێری بەردەم بینای بەڕێوەبەرایەتیەكە وێنەی كەسێك دەرچووە، بەڵام لەڕێگەی تایبەتەوە چووەتە ژوورەوە و سەرجەم كامێراكانی چاودێری كوژاندووەتەوە.

ئەو كارمەندەی كە زانیاریەكانی بە ڕۆژنیوز، گەیاند، دەشڵێت: نازانرێت ڕەوتی لێكۆڵینەوەكانیان چی بەسەردێت لەکاتی لێکۆڵینەوەشدا چاویان بەستراوەتەوە و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوە.

لەسەر ئەو بابەتە ڕۆژنیوز پەیوەندی بە وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران و وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی سۆران كرد، بەڵام ئامادە نەبوون لەبارەی ئەو وردەكارییەکانەوە زانیاری بدەن، ئەگەرچی وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی سۆران دانی نا بەدزینی پارەكەدا بەڵام ئامادەنەبوو زانیاری زیاتر لەبارەی ڕووداوەكەوە ئاشکرابکات.

ک.س