لە خورماتوو هاوڵاتییەک کوژرا

لە شارۆچکەی خورماتوو هاوڵاتییەک کوژرا و کەسوکارەکەی دەڵێن، کێشەی کۆمەڵایەتییان هەیە.


پێش نیوه‌ڕۆ ئه‌مڕۆ، له‌سه‌ر ڕێگای گشتیی كه‌ركوك ـ  به‌غدا، له‌ كارگه‌یەکی بلۆكی سنووری شاره‌دێی سلێمان به‌گی سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی خورماتووی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، هاوڵاتییەک  به‌ناوی نه‌جات محه‌مه‌د، له‌ دایكبووی ساڵی ١٩٦٩ بو گولـلە كوژرا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕۆژنیوز لە عه‌مید حسێن عه‌لی، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی خورماتوو، وەریگرتووە، دوو چه‌كداری ده‌مامكدار ماتۆڕسكیلیان پێ بووه‌، چونه‌ته‌ ناو كارگه‌كه‌ و پیاوه‌كه‌یان كوشتووه‌ و هه‌ڵهاتوون.

به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی خورماتوو، باسی له‌وه‌شكرد، خانه‌واده‌ی كوژراوه‌كه، سكاڵایان له‌سه‌ر سێ كه‌س تۆماركردووه‌ و پێیان ڕاگه‌یاندوون، كه‌ كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییان هه‌یه‌.

به‌ پێی زانیارییه‌كان، كوڕێكی كوژراوه‌كه‌ ‌ پێش ڕووداوەکانی ١٦/١٠/٢٠١٧ كه‌سێكی کوشتووە، هەرچەندە دواتر دانیشتنی ئاشتەوایی کراوە، بەڵام کەسوکارەکەی گومان دەکەن، هەمان ئەو بنەماڵەیە، (نەجات محەمەد)یان بۆ تۆڵەکردنەوە کوشتبێت.

لە دوێنێوە ئەمە سێیەمین کەسە لە باشوری کوردستان لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتیی دەکوژرێن، ئێوارەی دوێنێ کەسێک لە بازیان، ئەمڕۆش لە سنووری سەیدسادق کەسیکی دیکە لەسەر کێشەی زەوی و زار کوژران.

ش.ف