لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دادگاییکردنی دەمیرتاش بەڕێوەچوو

دانیشتنی دادگاییکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بەڕێوەچوو.


ئەمڕۆ دانیشتنی دادگاییکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە بینای دادوەرانی باڵای دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بەڕێوەچوو.

شاندی هەدەپە و سەزای تەمەللی هاوسەرۆکی هەدەپە، باشاک دەمیرتاش هاوسەری سەلاحەدین دەمیرتاش و شاندی جەهەپە کە سەزگین تانریکۆلۆ پەرلەمانتاری جەهەپەشی تێدابوو، بەشدارییان لە دانیشتنەکەی دادگادا کرد.

پارێزەران بەرگرییان کرد

پارێزەران پڕۆفیسۆر باشاک چالی و د.کەرەم ئاڵتنپارماک و ماحسونی کارامان و ڕەمەزان دەمیر و ئایگول دەمیرتاش بەرگرییان لە سەلاحەدین دەمیرتاش کرد.

پارێزەران ڕایانگەیاند: بۆ ئەوەی دانوستانەکان لەنێوان عەبدوڵا ئۆجالان و بەرپرسانی دەوڵەت دا سەربکەوێت، دەمیرتاش ڕۆڵی گێڕاوە.

وتیشیان: دەمیرتاش بە شێوەیەکی نایاسایی دەستبەسەرکراوە و کراوەتە ئامانج و لە کارە سیاسییەکانی بێبەشکراوە.

پارێزەران هەروەها ڕایانگەیاند: ئەردۆغان فەرمانی دا و دۆسیە ئامادەکران و کودەتای ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ ئەنجامدرا و سیاسەتمەداران دەستگیرکران.

پاریزەران باسیان لە ٩ بەهانەی دەوڵەتی تورک بۆ دەستگیرکردنی دەمیرتاش کرد و ئاماژەیان بەوەدا، قسەکانی دەمیرتاش سیاسیین. کاتێک دەمیرتاش هاوسەرۆکی دووەمین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بوو ئەو لێدوانانەی داوە، قسەکانی سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن کراوە بە بیانووی دەستگیرکردن.

میجاتۆڤیچ: یاسای تورک بووەتە میکانیزمی چەوساندنەوە

دونجا میجاتۆڤیج، کۆمسیاری مافی مرۆڤی ئەوروپا بەشداریی دانیشتنی دادگای کرد و ڕایگەیاند: لە تورکیا زیان بە سەروەریی دادگاکان گەیشتتووە و دادگا بۆ چەوساندنەوەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بەکاردەهێنرێت.

هەروەها نزیکەی ٢٩ پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی سۆسیالیست و پارتی سەوز لە پەرلەمانی ئەوروپادا چاودێریی دانیشتنەکەیان کرد.

لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا هیچ بڕیارێک نەدرا، تەنیا پارێزەران بەرگرییان لە بریگرتەکەیان کرد.

ش.ف