چوؤرشەممە, 3 يون 2020 – 11:04 ڕۆژنیوز- ناوەندی هەواڵەکان
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی فورات، کە ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە، دەزگای پاراستنی پ.د.ک و میتی تورک، دوو هەفتە لەمەوبەر لە هۆتێل ڕێکسۆس’ی دهۆک کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامداوە و لە کۆبوونەوەکەدا پیلانێکی فراوانیان لەدژی پەکەکە ئامادە کردووە.
وەک ئاژانسەکە باسی دەکات، بەپێی پیلانەکە، جلی گەریلا لەبەر هێزێکی هاوبەش دەکەن، ئەو هێزەش هێرش دەکاتە سەر ئاسایشی دهۆک و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس و کۆمەڵکوژیی ئەنجام دەدەن، هەروەها، جگە لە خەڵکی مەدەنیی، هێرش بکەنە سەر لایەنە تورکمانەکانیش، بەم شێوەیە ئامادەکاریی بۆ هێرشێکی فراوان لەدژی پەکەکە دەکرێت.
بە پێی ئەو زانیاریانەی کە کەسێک لە ئاسایشی دهۆکەوە بە ئاژانسەکەی رایگەیاندووە، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پ.د.ک لەگەڵ سەرکردایەتیی حزبەکەی لە دهۆک و هەندێک سەرۆک عەشرەت کۆبوونەوەی کردووە. لە کۆبوونەوەکەدا باسی ئەوەی کردووە، کە فشاری ڕای گشتی لەسەر پ.د.ک زیادی کردووە، بە تایبەتی لە بادینان بە شێوەیەکی فراوان خەڵک لەوان ناڕازییە، هەروەها بانگەشەی ئەوەی کردووە کە پەکەکە لە بادینان دەستوەردانێکی سەربازیی ئەنجام دەدات، فشار لەسەر پ.د.ک دروست دەکات و ئەوانیش پێویستە خۆیان بپارێزن، بەڵام سەرۆک عەشرەتەکان زیانێکی زۆر دەکەن، بۆیە بە ناچاریی ڕێوشوێنیان گرتووەتە بەر.
فازڵ میرانی لە کۆبوونەوەکەدا هەوڵیداوە ئەوە لە مێشکی ئەو کەسانەدا جێگیر بکات، کە ‘ پەکەکە هێرش دەکاتە سەر دهۆک’، بەم شێوەیە ئامادەکاری بۆ هێرشێکی هاوبەش لەگەڵ دەوڵەتی تورک کردووە.
ئەو کۆمەڵکوژییەی کە بە جلوبەرگی گەریلا ئەنجام دەدرێت
هەمان سەرچاوە بە ئاژانسی فوراتی ڕایگەیاندووە، فازڵ میرانی دەستی بە ئامادەکاریی پیلانی میت و پاراستن کردووە، کە لە کۆبوونەوەکەی ڕێکسۆس-دا بڕیاری لەسەردراوە.
لە چوارچێوەی ئەو پیلانەدا، ٢٠٠ جلوبەرگی گەریلاکانی هەپەگە ئامادە کراون. بە پێی پیلانەکە ئەندامانی میتی تورک و هێزە تایبەتەکانی پ.د.ک جلوبەرگی گەریلا لەبەر دەکەن و لە دهۆک هێرش دەکەنە سەر خاڵەکانی ئاسایش و پۆلیس، کەسایەتیە پێشەنگەکانی ئۆپۆزسیۆنی دژی پ.د.ک هەروەها هێرش دەکەنە سەر ڕێکخەری ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و هەندێک کەسایەتی گرنگی تورکمان، دواتر بەرپرسیاری هێرشەکان دەخەنە ئەستوی پەکەکە و هەوڵی تێکدەریی و کۆمەڵکوژیی دەدەن.
ئامانجی ڕەواکردنی هێرشەکە
بە پێی ئەو زانیارییانەی کە لە ناوەندی ئاسایشی دهۆکەوە کەوتووەتە دەست فورات، کۆمەڵکوژیی و ئەنجامی کۆمەڵکوژییەکە بەم شێوەیەیە:
* گورزێکی گەورە لە پێشەنگەکانی ئۆپۆزسیۆن دەدرێت و بەم شێوەیە ڕێگریی لە ئۆپۆزسیۆنی کۆمەڵایەتیی لەدژی هاوکاریی تورکیا و پەدەکە دەگیرێت.
*ئەو خۆشەویستییەی، کە لە بادینان بۆ پەکەکە هەیە، بۆ ڕق و دووژمنایەتی دەگۆڕن.
* لە ڕێگەی ئەو کۆمەڵکوژییانە، کە بە جلوبەرگی گەریلا بڕیارە ئەنجامبدرێت، هێرشی پەدەکە لەدژی هەپەگە بە ڕەوا لەقەلەمدەدرێت.
* بە هێرشی لەدژی تورکمانەکان، بناغەی دەستوەردانی دەوڵەتی تورک بۆ ناو شەڕەکە ئامادە دەکرێت.
* لە ناو ڕای گشتی ناوخۆ و دەرەوەدا ، شەڕی هاوبەشی پەدەکە و دەوڵەتی تورک لەدژی پەکەکە بەڕەوا لەقەلەمدەدرێت.
ش.ف