کۆکردنەوەی واژۆ بۆ دەرکردنی سوپای داگیرکەری تورک لە ناو خاکی باشوری کوردستان، بە دروشمی (لە پێناو کوردستانێکی یەکگرتوو و ئازاد فاشیزم و داگیرکاری بڕوخێنە)، بەردەوامی هەیە و لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکان نزیکەی ٣٥هەزار واژۆ کۆکراوەتەوە.
ڕۆژی ٣٠ی مانگی ٦، ڕێکخراوی ژیانەوەی گەنجانی کوردستان و ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر، دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان، لە چوارچێوەی سەفەربەریی کەمپەینێکی کۆکردنەوەی واژۆیان بە دروشمی (لە پێناو کوردستانێکی یەکگرتوو و ئازاد فاشیزم و داگیرکاری بڕوخێنە) دەستپێکرد و بەردەوامە.
کەمپەینەکە شێوازی کۆکردنەوەی واژۆی بە دوو جۆری ئەلیکترۆنی و دەستی لە زۆرینەی سەرجەم شاروشارۆچکەکان لەوانە، سلێمانی، ڕاپەڕین، گەرمیان، کەرکوک و ناوچەی بادینان بەردەوامە و لەلایەن هاوڵاتیانەوە پێشوازییەکی گەرمی لێدەکرێت.
ئامانجی سەرەکی کەمپینەکەش کۆکردنەوەی ٥٠ هەزار واژۆیە و بڕیارە ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا کۆتاییهاتنی ڕابگەیەنن و واژۆکان لە داهاتوودا پێشکەش بە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و عێراق بکەن.
س.ح