هاوڵاتییانی شارۆچکەی دەربەندیخان، گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان لە دژی بڕیارەکەی دادگای هەولێر، ئەنجام دا و داوای سەربەخۆیی دادگاكان و ئازادكردنی گیراوانی بادینان دەكەن.
دژی بڕیارەکەی ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگەی دادگای هەولێر بە سزای شەش ساڵ زیندانیكردن بۆ پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینان، ئێوارەی ئەمڕۆ لەبەردەم قاوەخانەی کلتووریی دەربەندیخان، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو كە تێیدا ئیدانەی ئەو بڕیارە کرا و داوای ئازادکردنی ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانە کرا.
ئاکۆ قادر، بەیاننامەی هاوڵاتییانی دەربەندیخانی خوێندەوە كە تێیدا هاتبوو: “کاتێک دامودەزگای دادوەریی دەکەوێتە ژێر هەڕەشەوە، ئەوا وڵات بە سەرجەم خاک، مرۆڤەکان و دامودەزگاکانیەوە، دەکەوێتە بەر مەترسیی ئاژاوە و توندوتیژیی و پەرتبوونەوە.”
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش كرابوو: “ئەم گردبوونەوەی ئەمڕۆمان، بەرلەوەی لەبەر چالاکوانانی بادینان بێت، لەپێناو ئایندەی منداڵەکانمانە، ئێستا ڕێگە بدەین لە بادینان و هەولێر ستەمکاری سەربگرێت و خەڵک لەسەر بیرو بۆچوونی ئاسایی خۆی سزا بدرێت، دڵنیابن سبەینێ لە ناوچەكانی دیكەیش دووبارە دەبێتەوە”.
هەر لە گردبوونەوەکەدا، دکتۆر حەکیم عەبدولکەریم، بەیاننامەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کەنەکەی خوێندەوە كە تێیدا هاتبوو: “دادگاییکردنی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی بادینان، سیاسی و تاکلایەنانە بوە و بە نایاسایی دەزانین”.
لە بەیاننامەكەی کەنەکەدا ئەوەش هاتوە: دەبێت دادگاكان سەربەخۆ و لە سەرووی هەموو دەسەڵاتەکانەوە بن، نەك لەژێر فەرمانی حیزبەکاندا بڕیار بدەن.
لە کۆتایی بەیاننامەکەشدا دەڵێن: “ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان، دەنگمان دەخەینە پاڵ هەموو دڵسۆز و مافخواز و ڕێکخراوەکانی بواری مافی مرۆڤ لە کوردستان و دادگاییکردنەكەی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی بادینان سەرکۆنە و مەحکوم دەکەین، داوا لە دادگاش دەکەین، بە زوترین کات بڕیارەکەی هەڵبوەشێنێتەوە و گیراوەکان ئازاد بکرێن.”
ئـ ت