لە زانكۆی سۆران سیمنارێک لەسەر زمان ئەنجامدرا

لە زانكۆی سۆران سمینارێك بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایك بەڕێوەچوو، تێیدا زمان وەك بوون و ناسنامەی هەر نەتەوەیەك پێناسە كرا، هەروەها شارەزایانی زمان باسیان لەگرفتەكانی بەردەم زمانی ستانداردی كوردی كرد.


ئەمڕۆ لەزانکۆی سۆران، لەشارۆچکەی سۆران سیمینارێک لەبارەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک بەڕێوەچوو.

لەسمینارەکەدا دکتۆر فازڵ حەمەسەعید، مامۆستا لەزانكۆی سۆران باسی لەگرفتەكانی بەردەم زمانی كوردی کرد و وتی: نەبوونی زمانی دایك گەورەترین كێشە لەبەردەم ئاخێوەرانی زمانی كوردی چونكە كەس نازانێت كامە شێوەزار زمانی دایكە و كامەی لق و پۆپی زمانی دایكن، هەروەها وشەی زمانی بێگانە تێكەڵ بەوشەی كوردی بوەو تەنانەت زاڵیش بووە بەسەر وشە كوردیەكاندا.

ئەو مامۆستای زانكۆیە خوێندنی زمانی ئینگلیزی بە كێشەیەكی تر دادەنێت لەخوێندنگەكاندا، وەك ئەو مامۆستایە ئاماژەی پێدەكات ئێستا وای لێهاتووە خەڵكی كورد شانازی دەكات كە منداڵەكانی بەئینگلیزی قسە بكەن و كوردی نەزانن.

ناوبراو باسی لە ڕۆڵی نەرێنی ڕاگەیاندن کرد لە تێکەڵکردنی وشەی بێگانە بە زمانی کوردی و وتی: بەشێك لەڕاگەیاندنە كوردییەكان وشەی بێگانەیان هێناوەتە ناو فەرهەنگی زمانی كوردی، هەندێک جاریش وشەی كوردیان لەبەرمبەر وشە بێگانەكە بەكارهێناوە بەڵام بەسەقەتی و بەئارەزووی خۆیان وشەیەكیان بۆ داتاشیوە.

 دكتۆر فازڵ زمان وەك ناسنامەو بوونی نەتەوە پێناسە دەكات، پێی وایە هەر گەلێك زمانی دایك و ستانداردی نەبێت لەبوونی خۆی وەك نەتەوە لەبونیادنانی دەوڵەتیش دوادەكەوێت.

هەرلە سیمینارەکەدا مامۆستا هەندرێن، نووسەر و مامۆستای بەشی زمانی كوردی لەزانكۆی سۆران، باسی پەیوەندی زمان و فەلسەفەی کرد و وتی: فەلسەفە ئەو كاتە فەلسەفەیە كەتوانای دروستكردنی سیستەمێكی هەیەو لەناو ئەو سیستەمەشدا هزر دروستبكات و بوون بسەلمێنێ، مەم و زینی ئەحمەدی خانیی پڕۆژەیەكی فەلسەفیە، بەڵام بە زمانی شیعر نووسراوەتەوە، بەومانایەی خانی نەیویستووە لەڕێگەی مەم و زینەوە حەقیقەتی بوونی كورد دەرببڕێت، بەڵكو مەم و زین خۆی حەقیقەتە چونكە توانی بوونی كورد دەرببڕێت.

ئەو مامۆستای زانكۆیە پێی وایە لەدوای ئەحمەدی خانی حاجی قادری كۆیی لەڕێگەی شیعرەوە بوون و حەقیقەتی كورد دەسەلمێنێت، دوای ئەوانیش لەسەدەی بیستدا مەسعود محمد لەڕێگەی پەخشانەوە ئەو كارە تەواودەكات، هاوكات ئاماژە بەوەش دەكات لەڕوانگەی فەلسەفەوە زمان بوونی نەتەوە دەسەلمێنێ.

بەپێچەوانەی ئەم دوو ڕایەی سەرەوە هۆشەنگ، مامۆستای زانكۆ لە سیمینارەکەدا وتی: سەرجەم شێوەزارە كوردیەكان بۆخۆیان زمانێكی تایبەتی كوردین، كورد بوون بریتیە لەیەكگرتنێكی نەریتی جیاواز كەلەسەرجەم شێوەزارەكان پێكهاتووە، لەچوارچێوەیەكی شێوە فیدڕالیدا بەو مەرجەی كەس زاڵ نەبێت بەسەر ئەوی تردا.

د.ع