ئەمڕۆ ساڵڕۆژی دەستپێکردنی هێرش و داگیرکاریی دەوڵەتی تورک و گروپە چەتەکانییەتی بۆ سەر عەفرین، بۆ شەرمەزارکردنی ئەم ڕۆژە و دڕندەیی دەوڵەتی تورک بەرامبەر گەلی عەفرین، لە شاری سلێمانی گردبوونەوەیەک ساز كرا و تێیدا داوای هەڵوێست لە هێزە نێودەوڵەتییەکان کرا بۆ ڕزگارکردنی عەفرین.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە سەکۆی ئازادیی پارکی ئازادیی شاری سلێمانی، بۆ شەرمەزارکردنی ساڵڕۆژی دەستپێکردنی هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و گروپە چەتەکانی بۆسەر شاری عەفرین، گردبوونەوەیەکی جەماوەری بەڕێوەچوو بە دەستپێشخەری پارتی یەكێتیی دیمكراتی (پەیەدە) و ئامادەبوونی کۆمەڵێک ڕێکخراو و پارت و بەرەی دژ بە داگیرکاری.
لە گردبوونەوەکەدا، کۆمەڵکوژی و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و گرووپە چەتەکانی ئیدانەکرا و بەبەرزکردنەوەی وێنەی بریندارەکانی عەفرین، دڕندەیی ئەو دەوڵەتە نیشان درا، هەروەها کۆمەڵیک وتار و بەیاننامە خوێنرانەوە.

سەرەتا مێرڤان حەسەن، بە ناوی پارتی یەكێتیی دیمكراتی (پەیەدە)، بەیاننامەیەکی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو: دەوڵەتی داگیرکەری تورک، وێڕای داگیرکردنی عەفرین، بۆ سڕینەوەی ناسنامە کوردییەکەی، لە پێش چاوی دنیا هەموو جۆرە کردەوەیەکی نامرۆیی و نائەخلاقی دەرهەق بە عەفرین وگەلەکەی ئەنجام دەدات، لە دزی، تاڵانی، کوشتن، ڕفاندن، ڕوخاندنی شوێنەوار و شوێنە پیرۆزەکان، بۆیە ئێمە ئەو بێدەنگییەی هێزە نێودەوڵەییەکان شەرمەزاردەکەین و بە هاوبەشی کردەوەکانی دەوڵەتی تورکی دەزانین و بانگەوازییان لێدەکەین چیتر بە ئەرکی مرۆیی خۆیان هەستن و کۆتایی بەو داگیرکارییە بهێنن.

دواتر لەلایەن بەختیار مستەفا ئەندامی سەکۆی دژی داگیرکاری وتارێک پێشکەش کرا و وتی: داواکارین هێزە جیهانییەکان هەڵوێست وەرگرن بەرامبەر بەو داگیرکارییەی لەسەر عەفرین بەڕێوەدەچیت، هەروەها داوا لە سەرجەم پارت و لایەنە کوردییەکان دەکەین، یەکێتیی نەتەوەیی کورد پێکبهێنن و لەسەر هێڵێکی نیشتمانی خەبات بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکاری دەوڵەتی تورک و ڕێگاگرتن لە دوبارەبوونەوەی ئەزموونی تاڵی عەفرین لە پارچەکانی دیکەی کوردستان.

دواتر لەلایەن هۆزان عەفرین لە ئەنجومەنی پەنابەرانی کورد، بەیاننامەیەک خوێنرایەوە و تێیدا هاتبوو: سێ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر داگیرکردن و سەپاندنی سیاسەتی ڕەگەزپەرستی و گۆڕینی دیمۆگرافی و داگیرکاری لەسەر هەرێمی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، ئێمە بە توندی ئەو کردەوانەی دەوڵەتی تورک، شەرمەزاردەکەین و داوا لەهەموو لایەنێکی پەیوەندیدار دەکەین هەڵوێستەی لەسەر بکەن و دەوڵەتی تورک لە عەفرین دەربکەن.

لە کۆتاییشدا عیسا سەبری نوێنەری زەردەشتییان لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەیاننامەیەکی خوێندەوە و تێیدا پشتیوانیی خۆیان بۆ گەلی عەفرین دەربڕی و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و گروپە چەتەکانیان ئیدانە کرد.
ئـ ت