مەراسیمی پرسەی زەکی چەلەبی، پەنابەری سیاسیی باکووری کوردستان و خاوەنی ڕێستۆرانتی دەنیز لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت و شاندێکی پەرلەمانتارانی هەدەپەش گەیشتوونەتە پرسەکە.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ مەراسیمی پرسە بۆ زەکی چەلەبی، پەنابەری سیاسیی باکووری کوردستان و خاوەنی ڕێستۆرانتی دەنیز لەو شوێنەی کە شەوی ١٧ی ئایار تەقەی لێکرا لە تەنیشت مزگەوتی بەختیاریی شاری سلێمانی دەسیتپێکرد.
شاندێکی پەرلەمانتارانی هەدەپە کە پێکهاتوون لە موعەزەز ئۆرهان، پەرلەمانتاری وان و ئیمام تاشچیئەر، پەرلەمانتاری ئامەد گەیشتوونەتە پرسەی زەکی چەلەبیی، جگەلەوەش توێژە جیاجیاکانی هەرچوار پارچەی کوردستان بەشدارییان لە پرسەکەدا کردووە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییشدا، موعەزەز ئۆرهان، پەرلەمانتاری هەدەپەی شاری وان قسەیکرد و وتی: ئێمە وەک هەدەپە تا کۆتایی لەسەر خەت دەبین و چاودێریی ئەو کەیسە دەکەین، تا ئەوکاتەی بکوژان دەدۆزرێنەوە و بەسزای خۆیان دەگەن، سەرەخۆشیی لە بنەماڵەکەی و هەموو گەلی کورد دەکەین.
هاوکات ئیمام تاشچیئەر، پەرلەمانتاری ئامەد قسەیکرد و وتی: هەرچوارپارچەی کوردستان بۆ ئێمە یەکە و وەک ماڵی خۆمان تەماشای دەکەین، ئەمڕۆ گەلی ئێمە لە باکووریش زۆر تووڕە و نیگەرانن لەم ڕووداوە، داواکاری ئێمە و هەموو گەلیش ئەوەیە، کە بکوژان ئاشکرابکرێن و لە دادگادا سزا بدرێن، بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجامدەدەین و دواتر ڕاپۆرتێکی لەسەر ئامادە دەکەین.
کەسوکاری زەکی چەلەبی سەرقاڵی گرتنەبەری ڕێکارە ئیدارییەکانن بۆ ئەوەی تەرمەکەی ببەنەوە لە شاری وانی باکووری کوردستان بەخاکی بسپێرن، بڕیاریشە تا تەرمەکەی دەگوازرێتەوە بۆ باکووری کوردستان و بەخاکدەسپێردرێت، مەراسیمی پرسەکەی بەردەوام بێت.
زەکی چەلەبی لە ساڵی ٢٠١١ەوە بەهۆی دەرکردی سزای زیندانییکردن بوو لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ڕووی لە شاری سلێمانی کردبوو، خاوەنی ڕێستۆرانتی دەنیز بووە لە شەقامی بەختیاریی، درەنگانی شەوی ١٧ی ئایار دوو کەس بە ماتۆڕسکیلێکەوە تەقەی لێ دەکەن و چوار فیشەکی بەردەکەوێت.
دوای مانەوەی بۆ ماوەی ١٧ کاتژمێر لە نەخۆشخانە و ئەنجامدانی شەش نەشتەرگەریی بۆی، ئێوارەی ١٨ی ئایار بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
دوای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژیش بەسەر ئەو ڕووداوەدا، تاوەکو ئێستا دەزگا ئەمنییەکانی شاری سلێمانی هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر ئەو ڕووداوە بڵاونەکردووەتەوە و هیچ کەسێکیش بەو تۆمەتە دەستگیرنەکراوە.
ب.ل