نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستانی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە سلێمانی، پرسەی شەهید فەرهاد شبلی، جێگری هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆبەڕیوەبەریی و هاوڕێکانی بەڕێوەدەبات و بڕیارە ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوامبێت.
لە بەیانی ئەمڕۆوە مەراسیمی پرسەی شەهیدانی کەلار، شەهید فەرهاد شبلی، جێگری هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی جێبەجێکاری خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و سێ هاوڕێ شەهیدەکەی، لە نوێنەرایەتیی خۆبەڕێوەبەریی لە شاری سلێمانی دەستیپێکردووە.
هەریەک لە شاندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان و پارتی پێشڤەڕووی ڕۆژئاوا بەشدارییان لە پرسەکەدا کرد، بڕیارە نوێنەرانی حزب و لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و توێژە جیاجیاکان بەشداریی لە پرسەکەدا بکەن.
شەهید فەرهاد شبلی و سێ هاوڕێی ڕۆژی ١٧ی حوزەیران لە نزیک شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان لە بۆردوومانێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا شەهیدبوون، هاوڕێیەکیشیان بریندار بوو، دوێنێش تەرمی شەهیدەکان لە شاری سلێمانییەوە بە مەراسیمێکی شکۆمەندانە گەڕێندرایەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و ئێوارەی دوێنێش هەزاران کەس لە دەروازەی سێماڵکا لە دیوی ڕۆژئاوای کوردستانەوە پێشوازییان لە تەرمەکەی کرد.
ب.ل