لە سلێمانی ڕێپێوانی بەمەشخەڵ بۆ ئۆجالان ئەنجامدرا

بە دەستپێشخەریی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان و ژنانی گەنجی تێکۆشەر، ڕێپێوانی بەمەشخەڵ لە شاری سلێمانی بۆ زانینی دۆخی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد بەڕێوەچوو، خۆپیشاندەران ئاماژەیان بەوەکرد، کە تا ئاشکرابوونی سەلامەتی ڕێبەر ئاپۆ و زیندانیانی دیکە لەشەقامەکان دەمێننەوە.


ئەمشەو لە بەردەم باخی گشتیی شاری سلێمانییەوە بۆ سەهۆڵەکە ڕێپێوانێک بەمەشخەڵ بە دەستپێشخەریی کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان و ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکوشەر بۆ زانینی دۆخی ڕێبەری گەلی کورد بەڕێوەچوو.

لە ڕێپێوانەکەدا سەدان کەس لە گەنجان، ژنان و چین و توێژە جیاجیاکانی شاری سلێمانی بە بەرزکرنەوەی مەشغەڵ و پۆستەر و وێنەی ڕێبەری گەلی کورد بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کردبوو.

بەشداربووانی چالاکییەکە چەندین دروشمی وەک "'بژی سەرۆک ئاپۆ' ، 'بێ سەرۆک ژیان نابێت'، 'بژی بەرخۆدانی ئیمرالیی'  'ئەی دوژمن باش بزانە ئاپۆ هێڵی سوورمانە'" یان دەوتەوە.

دوای گەیشتنی ڕێپێوانەکە بە سەهۆڵەکە، قانع خەلیل، ئەندامی ئەنجومەنی گەنجانی وڵاتپارێز وتارێ ڕێکخەرانی ڕێپێوانەکەی خوێندەوە و تێیدا وێڕای "ئیدانەکردنی ئەو هەوڵە شکستخواردوەی دەوڵەتی تورک" ڕاشیگەیاند: بەردەوام دەبین لە چالاکییەکانمان تا زانیاری لەسەر دۆخی سەرۆک ئاشکرا دەبێت.

پاشان تارا حسێن، جێگری هاوسەرۆکانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، وتارێکی پێشکەشکرد و دۆخی ئیمرالیی بە "پەلەقاژەیەکی بێ کاریگەری دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە دژی ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کورد" ناوبرد و وتی: دەوڵەتی تورک ئێستا دووچاری چەندین قەیران بووە و هەموو ڕێگاکان بۆ خۆدەربازکردن لەو قەیرانانە دەگرێتەبەر.

وتیشی: دەوڵەتانی داگیرکەر و زلهێز بیانەوێت یاخود نەیانەوێت، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ئەو کلیلی چارەسەرییەی کە لە ئیمرالییە.

لە بەشێکی دیکەی چالاکییەکەدا محەمەد بەکر، ئەندامی کۆمیتەی ئازادی بۆ ئۆجالان وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: داوا لەهەموو ئازادیخوازان دەکەم هەستنە سەرپێ و بە تێکۆشانی مەدەنیی خاوەنداریی لە ڕێبەر ئاپۆ بکەن.

د.ع