لە سێ ڕۆژدا سێ کۆڵبەر بوونە قوربانی

لە سنوورەکانی سەڵماسی سەربە ورمێ دوو کۆڵبەر بە تەقەی هێزە سەربازییەکانی ئێران کوژران، لە سنوورەکانی پیرانشاریش کۆڵبەرێک بە سەختی برینداربوو.


بەگوێرەی هواڵێکی ئۆرگانی هەواڵی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران- هرانا، لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا لە سنوورەکانی ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوو کۆڵبەر کوژراون و یەکێکی دیکەش برینداربوو، بەگوێرەی ئامارەکان تەنیا لە ٢٠ ڕۆژی ڕابردوو ١٣ کۆڵبەر برینداربوون و کوژراون.

ڕۆژی چوارشەممە لە سنوورەکانی شنۆی سەربە ورمێ دەستڕێژی گولـلە لە گروپێک کۆڵبەر کرا، لە ئەنجامدا کۆڵبەرێکی خەکی سەلماس بە ناوی زوبێر هەکاری کوژرا.

هەروەها ڕۆژی سێ شەممە، لە سنوورەکانی پیرانشاری سەربە ورمێ کۆڵبەرێک بە ناوی خالید مامەئەمین کراوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا بە سەختی برینداربووە و  ڕەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ کراوە.

ڕۆژی دوو شەممەش لە سنوورەکانی تەرگەڤەری سەربە ورمێ تەقە لە کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی سەلماس کراوە و کوژراوە.

بەگوێرەی ئامارەکانی هرانا، تەنیا لە ٢٠ ڕۆژی ڕابردوو ١٣ کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ باکور و باشوری کوردستان بەهۆی تەقەی هێزە سەربازییەکانی ئێرانەوە کوژراون و برینداربوون.

هەر بەگوێرەی ئامارەکانی هرانا، لە ٢١ی ئازاری ساڵی ٢٠١٧ەوە بۆ ئازاری ٢٠١٨، ٤٦ کۆڵبەر کوژراون و ٥٨ کۆڵبەریش برینداربوون.

ک.ک