لە گوندی کەوڕەبەن لە سنووری شارەدیی رزگاری لە شارۆچکەی خەبات، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی پێنج کەس کوژران کە شەڕەکە لە نێوان ماڵی دوو برادا بووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندی کەوڕەبەن لە سنووری شارەدێی رزگاری لە شارۆچکەی خەباتی پارێزگای هەولێر، بەهۆی کێشەیەکی کۆنی نێوان دوو خێزان شەڕو ئاڵۆزی دروست بووە پێنج کەس کوژراون کە چوار لە کوژراوەکان لە خێزانێکیانن و کەسێکی دیکەشیان لە خێزانەکەی دیکەیە.
کوێستان ئەحمەد، قائیمقامی شارۆچکەی خەبات، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: ئەو کێشەیەیە ئەمڕۆی نێوان ئەو دوو بنەماڵەیە لەسەر زەویوزار بووە، بەڵام پێشتریش کێشەی کۆنی کۆمەڵایەتی لە نێوانیاندا هەبووە.
هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەمشەو ڕایگەیاند، لە ڕووداوەکەدا سێ کوڕ و باوکێک کوژراون، لە ماڵەکەی دیکەش کوڕێک کوژراوە، کێشەکە لە نێوان ماڵی دوو برادا بووە و دوو کەسیش بریندار بوون و بریندارەکان دستبەسەرن لەبەر ئەوەی تۆمەتبارن لە ڕووداوەکەدا.
شەڕەکە لە ئێستادا ڕاگیراوە و هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە،وتەبیژی پۆلیس وتیشی، ئەو خێزانانەی شەڕەکەیان کردووە برابوون و پێنج کەس لە نێویاندا کوژراوە و دوو کەسیش بریندار بووە.
ها-غ