سێشەممە, 10 يول 2018 – 07:44 ڕۆژنیوز – هاوكار مستەفا
خەسرەو محەمەد، یەكێك لە جوتیارانی گوندی بێڕەشكەیە لە سنووری شارۆچكەی سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی، ئەمساڵ هەشت جۆر كاڵەكی بەرهەم هێناوە كە پێنج جۆریان هیچ ناوێكیان نییە و بۆ یەكەمجارە لە كوردستان بەرهەم دەهێنرێن، سێ جۆرەكەی تریشیان بریتین لە كاڵەكی هۆڵەندی، كاڵەكی سامەڕایی، كاڵەكی ناوخۆیی.
جیاوازی ئەو كاڵەكانی خەسرەو بەرهەمی هێناون بە بەراورد بەو كاڵەكانی كە جوتیاران لە زەوییە كشتوكاڵییەكانیان بەرهەمیان دەهێنن ئەوەیە، كە كاڵەكەكانی ئەم جوتیارە بەرگەی پلەی گەرمای تاسەرو 50 پلە دەگرن و هەروەها هیچ جۆرە ڤایرۆس و نەخۆشییەك كاریگەریان تێناكات، ئەوە سەرەڕای ئەوەی لە ڕووی كێشەوە هەندێكیان دەگەنە نزیكەی هەشت كیلۆ و لە ڕووبەری یەك دۆنم زەویشدا ١٥ تۆن كاڵەك بەرهەم دەهێنن.
كاڵەكەكانی خەسرەو تەنها یەك جار بەرهەم نادەن، بەڵكوو لە ماوەی سێ مانگی پێگەیشتنیادا دەتوانرێت پێنج بۆ شەش جار بەرهەم بدەن و بخرێنە بازاڕەوە كە ئەمەش بە بەراورد بە كاڵەكەكانی تر جیاوازن.
خەسرەو محەمەد، خاوەنی كێڵگەی بەرهەمهێنانی كاڵەكە جیاوازەكان دەڵێت، تۆوی پێنج جۆر لەم كاڵەكانەم لە وڵاتانی ئەوروپا هێناوەتە كوردستان و جۆرێكیشیان لە لایەن جوتیارێكی عەرەبەوە دەستم كەوتووە، كە بە كاڵەكی سامەڕایی ناسراوە، جۆرێكیشیان قەبارەی بچوكە و ڕەنگی زەردو تامی هەنگوینییە، ئەوە پێی دەوترێت هۆڵەندی، جۆری سێیەمیشیان كاڵەكی ناوخۆییە، بەڵام ئەم جۆرەیان لە ڕووی بەرهەم و قەبارە و كوالیتییەوە لەو حەوت جۆرەكەی تر باشتر نین.
ئەو كاڵەكانە لە سەرەتای مانگی ئازارەوە دەچێنرێن و پێویستیان بە ماوەی چوار مانگ دەبێت تا دەكەونە بەرهەم، بۆیە لە سەرەتای مانگی تەموز پیدەگەن و تا مانگی ١٠ بەرهەمیان بەردەوامە، لەو ماوەیەشدا پێنج بۆ شەش جار دەتوانرێت بەرهەمەكانیان كۆبكرێتەوە.
یەكێك لە تایبەتمەنییەكانی ئەم جۆرە كاڵەكانە ئەوەیە، كە بەرگەی پلەی گەرمای زۆر و هەروەها دەردە كشتوكاڵییەكان دەگرن، ئەمەش هۆكارێكی باشە جوتیارانی دەشتی شارەزوور كە ڕوو لە چاندن و بەرهەم هێنانی ئەم جۆرە كاڵەكە بكەن، بۆ ئەوەی بە دووربن لەوەی كە ساڵانە بەرهەمەكانیان بەهۆی پلەكانی گەرما یاخوود بەهۆی دەردە كشتوكاڵییەكانەوە لە ناو دەچن، ئەمە بەپێی وتەی خەسرەو محەمەد.
ئەو جۆرە جیاوازانەی كاڵەك كە بۆیەكەمجارە لە دەشتی شارەزوور بەرهەم دەهێنرێن، جوتیارەکە بەنیازە بە ناوی كاڵەكی (خەسرەوی) یان كاڵەكی(بێڕەشكە) بیانخاتە بازاڕەوە.
ئەو جوتیارە پلانی هەیە كە لەساڵانی داهاتوودا پەرەی زیاتر بەم جۆرە جیاوازانەی كاڵەك بدات، ئامادەشە هاوكاری هەموو جوتیارانی دیکە بکات.
س.ح