ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمێكی جەماوەرییدا لە چیای شەنگال، تەرمی شەهید هەڤاڵ ئازاد، بەخاك سپێررا كە دوای ٧٠ ڕۆژ تەرمەكەی ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیی شەنگال كرایەوە.
هەڤاڵ ئازاد لە ڕۆژی ٨ی تشرینی دوەمی ٢٠٢٠ لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکەکانی سوپای تورکیای داگیركەر، لە گوندی خەلەف-ی ناوچەی بەر-ی شەنگال، بریندار بوو و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی موسڵ، لەوێ شەهید بوو، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی عێراق، دەستیان بەسەر تەرمەکەیدا گرت و دوای هەوڵ و ناڕەزایەتییەکی زۆری کۆمەڵگەی ئێزدی، دوێنێ تەرمەكەی ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیی شەنگال کرایەوە.
ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێكی شایستەدا، کۆمەڵگای ئێزدی بە پرسە شەهیدبوونی هەڤاڵ ئازادیان پیرۆز کرد و تەرمەکەی لەلایەن شەڕڤانانی یەپەشە و یەژەشە و ئاسایشی ئێزدیخانەوە، بە رێوڕەسمێكی سەربازیی، پێشوازی لێ کرا و لە گۆڕستانی شەهید دلێگەش و شەهید بێرخەودان لە چیای شەنگال، بەخاك سپێررا.

لە ڕێوڕەسمەكەدا، زەکی شەنگالی بە ناوی هێزەکانی بەرگریی، وتەیەكی پێشكەش كرد و سەرەتا سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی هەڤاڵ ئازاد کرد و تیشکی خستە سەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بۆ سەر شەنگال و وتی: “دەوڵەتی تورکی داگیركەر بەردەوام لەگەڵ هاوپیشەکانیدا، هەوڵی زۆر لەناوبردنمان دەدات”.
زەکی شەنگالی وتیشی:”هەڤاڵ ئازاد بە هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ، لە هەموو بوارەکاندا بەبێ پچڕان کاری بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی كردوە و دەوڵەتی تورک بە پیلانێک کردیە ئامانج كە پێویستە بە باشی سەرنج بخەینە سەر ئەو هێرش و پیلانگێڕییانە”.
ئـ ت