لە شەنگال بە دروشمی ‘ئێزدییەکان گفتوگۆ لەبارەی داهاتووی خۆیانەوە دەکەن’ و بە ئامانجی یادکردنەوەی فەرمانی ٧٣ و دۆخی گشتی ئێزدیان کۆنفڕانسێک ئەنجامدرا، ژمارەیەکی زۆری میوان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەشداریان کرد.
لەدوای فەرمانی ٧٣ی لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا یەکەمجارە کۆنفڕانسێکی فراوان لە شەنگال ئەنجام دەدرێت، کۆنفڕانسەکە بە دروشمی ‘ئێزدیەکان بەدوای داهاتووی خۆیاندا دەگەڕێن’ بە پێشەنگایەتی پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدیەکان (پادێ) ئەنجامدرا، کۆنفڕانسەکە خاوەن ناوەڕۆکێکی گرنگ و فراوان بوو کە بە ڕێزگرتن لە قوڕبانیانی شەنگال دەستپێکرا.

لە سەرەتای کۆنفڕانسەکە، کە هاوکاتە لەگەڵ ٦مین ساڵیادی فەرمانی ٧٣، ئازاد ئەڤدال جێگری هاوسەرۆکایەتی پارتی ئازادیی و دیموکراتی ئێزدیەکان قسەی کرد، ئەڤدال باسی گرنگی قۆناغەکەی کرد و یادی شەهیدانی کردەوە و باسی لە ناوەڕۆکی بەرنامەی کۆنفڕانسەکە کرد و بەخێرهاتنی میوانانی کرد.

کۆنفڕانسەکە بە بەشداریی ئەندامان و نوێنەرانی دەزگا و ناوەندەکانی شەنگال، نوێنەری پارتەکان و ڕێکخستنەکانی دەرەوە و گەل ئەنجامدرا، زۆر کەسایەتی بەناوبانگی وەک فەرهاد حەمید، قائیمقامی شەنگال، سەعید محیم، سەرۆکی هۆزەکانی شەنگال و مام فاخر، کەسایەتی ئایینی ئێزدی لە کۆنفڕانسەکەدا قسەیان کرد، بەشداربووان یادی قوربانیەکانی شەنگالیان کردەوە و ئاماژەیان بە گرنگی ڕێکخستن و یەکێتی و یەکگرتن کرد.
هەروەها لە ڕێگەی سکایپەوە ڕۆژنامەنووس بەرفین هێزل، میرزا دونایی، ئیلیاس سەیدۆ، نوێنەری ماڵی ئێزدیانی ڕۆژئاوای کوردستان بەشداریان لە کۆنفڕانسەکەدا کرد و هەڵسەنگاندنیان بۆ فەرمانەکە و ئامانج و ئەنجامەکانی کرد.
لە کۆنفڕانسەکەدا بەڵگەفیلمێک لەبارەی فەرمانەکە نمایشکرا.
دواتر لیدوان و وتاری دەزگا و ناوەندەکانی شەنگال و میوانەکان لە بەشی دووەمدا بەردەوام بوو.
لەیلا قاسم، هاوسەرۆکی خۆسەری دیموکراتیکی شەنگال، عومەر ساڵح، هاوسەرۆکی پارتی ئازادیی دیموکراتی شەنگال، دژار فەقیر، وتەبێژی یەبەشە، سەیید محەمەد ئەلەنجی نوێنەری شیعەکان، فەرهاد حەمید، قایمقامی شەنگال قسەیان کرد.

کۆنفڕانسەکە بە ئەنجامنامەیەک کۆتایهات.
د.ع