لە عەفرین ٢٥ چەتە و سەرباز کوژران

لە ناوەندی شارۆچکەی عەفرین تەقینەوەیەک ڕوویدا و لە ئەنجامدا  ٢٥ چەتە و سەربازی سوپای تورک کوژران و ٣٦ی دیکەش بریندار بوون. ژووری چالاکییەکانی تووڕەیی زەیتوون بەرپرسیارێتی تەقینەوەکەی لە ئەستۆ گرت.


ئەمڕۆ ژووری چالاکییەکانی تووڕەیی زەیتوون، ڕاگەیەندراوێکی لەسەر ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاو کردەوە و زانیاری لەسەر تەقینەوەی عەفرین ئاشکرا کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوە دراوە: "هێزەکانی تووڕەیی زەیتوون، ئۆتۆمبێلیکی بۆمبڕێژکراویان لەناو سوپای تورک و چەتەکانی، لە کاتی مەراسیمێکی سەربازی تەقاندووەتەوە، لە ئەنجامی ئەو چالاکییەدا ٢٥ چەتە و داگیرکەری تورک کوژران و ٣٦ی دیکەش بریندار بوون".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە: ‌هێزەکانمان چالاکییەکانیان لە دژی چەتە داگیرکەرەکانی تورک لە هەرێمی عەفرین و هەرێمەکانی دیکەی باکوری سوریا بەردەوام دەکات.

ژووری چالاکییەکانی تووڕەیی زەیتوون کۆمەڵکوژی خەڵکی عەفرینی لەلایەن سوپای تورک بەبیر خستوەتەوە و دەڵێت: تەرمی ژنان و منداڵان، کە بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەکانی دەوڵەتی تیرۆریستی تورکەوە، پارچە پارچە بوون، لەبیر ناکرێن، چالاکییەکانمان دژی ئەوەیە و وەڵامێکە بۆ چەتەکان و ئەو کەسانەی خاکەکەمانیان پیس کردووە، بە زووترین کات دانیشتووانی ڕەسەن دەگەڕێنەوە سەر خاکەکەیان.

لەسەر ئەنجامی چالاکییەکەش ئەوە ئاشکراکراوە: هێزەکانمان ٢١ی شوبات لە ناوەندی عەفرین لە کۆڵانی ڤێلا، لە نزیک نەخۆشخانەی دێرسیم، ئۆتۆمبێلیکی بۆمبڕێژکراویان لەناو چەتەکانی داگیرکەری تورک تەقاندەوە، لە ئەنجامدا ٢٥ـیان کوژران و ٣٦ـیان بریندار بوون، کە ٤ـیان ئەندامی ئیستخباراتی تورک بوون.

لە کۆتاییدا ژووری چالاکییەکانی تووڕەیی زەیتوون جەختی لەوە کردووەتەوە، کە وەک ژووری چالاکییەکانی تووڕەیی زەیتوون، چالاکییە تۆڵە کردنەوەکانمان لە دژی ئەو چەتانەی عەفرین و دەوروبەریان داگیرکردووە، بەردەوام دەکەین، تا ئەو کاتەی عەفرین و هەموو باکوری سوریا لە تیرۆری تورک و چەتەکانی پاک بکەینەوە.

 

ک.ک