دانیشتووانی شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ داواکردنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێپێوانێکی جەماوەریی بەرفراوانیان ئەنجامدا و تێیدا داوای ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالانیان کرد.
ئەمڕۆ دەستپێشخەری گەلی هەرێمی جزیر بۆ پشتگیریکردن لە هەڵوێستی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ شاندی سی پی تی ڕەتکردبووەوە، ڕێپێوانێکی جەماوەریی بەرفراوانیان ئەنجامدا.
بە سەدان کەس لە کورد، عەرەب، سوریان، ئەندامانی تەڤدەم، تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێر، پەیەدە، کۆنگرا ستار، یاساناسان و یەکێتی ژنانی گەنج بەشداریان لە ڕێپێوانەکەدا کرد.
ڕێپیوانەکە لە دووڕیانی شەرق لە ڕۆژهەڵاتی قامشلۆ دەستیپێکرد، لە ڕێپێوانەکەدا دروشمەکانی “بژی سەرۆک ئاپۆ” و “بێ سەرۆک ژیان نابێت” وترانەوە و وێنەی رێبەر ئۆجالان بەرزکرایەوە.
کەنعان بەرەکات، ئەندامی دەستپێشخەریی گەلی هەرێمی جزیر وتارێکی لە ڕێپێوانەکەدا پێشکەشکرد و وتی:”ئەم گەلەی کە بەشداری لە رێپێوانەکەدا کردووە، لە بەرامبەر هێرش و تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەرخۆدان دەکات و بە ئیرادە و سووربوونێکی بەهێز بە خاکەکەیەوە وابەستەیە، ئەم گەلە جارێکی دیکە بە خاوەنداریکردن لە ڕێبەر ئۆجالان و بەرخۆدانەکەی لە زیندانی ئیمرالی هەڵوێستی خۆی پیشاندا.”
لەبارەی گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالانیشەوە وتی:”گەلەکەمان تێکۆشانی خۆی لەسەر بناغەی هزری عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامی پێدەدات و هێز و ئیرادەی خۆی لە هێزی سەربازی و بەرخۆدانی ڕێبەر ئاپۆ وەردەگرێت، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە گەل بە هزری ڕێبەرتی وابەستەیە”.
ب.ل