لە كەركوك پەیامی درێژەدان بە ڕێبازی شەهیدان دووپاتكرایەوە

لە شاری كەركوك ساڵیادی شەهیدبوونی ژنانی شۆڕشگێڕ کە حەوت ساڵ بەر لە ئێستا لە پاریس تیرۆرکران كرایەوە، پەیامی درێژە پێدانیش بە ڕێبازی شەهیدان دووپاتكرایەوە.


ئەمڕۆ لە هۆڵی لوبنانی شاری كەركوك، ڕێكخراوی ژنانی ئازادیخوازی كوردستان بە مەراسیمێك ساڵیادی شەهیدبوونی سێ ژنە شۆڕشگێری كورد (فیدان دۆغان، لەیلا شایلەمەز و ساكینە جانز)ی كردووە.

لە مەراسیمەكەدا کە بە ئامادەبوونی چالاكوانانی بواری مافەكانی ژنان و كەسایەتی سیاسی لە كەركوك، بەڕێوەچوو سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەكێك وەستان بۆ گیانی شەهیدانی ئازادی و بە تایبەت ژنانی شەهید دەستیپێكرد، دواتر ژیاننامەی شەهیدان و كارو خەباتیان خوێنرایەو و جەخت لە درێژەدان بە ڕێبازی شەهیدان كرایەوە.

هەر لە مەراسیمەكەدا نەجیبە عومەر، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ڕێكخراوی ژنانی ئازادیخوازی كوردستان، باسی لە كار و خەباتی ژنانی شۆڕگێڕی كوردستان كرد و تیشکی خستە سەر گرنگی خەباتی ژنان لە كۆمەڵگادا.

لای خۆشیەوە دلڤان مەجید، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ڕێكخراوەکە بۆ ڕۆژنیوز، وتی: "ئەمڕۆ یادی سێ ژنی شۆڕشێگێڕ لە شاری كەركوك دەکەینەوە کە حەوت ساڵ پێش ئێستا لە ڕۆژێكی ڕەشدا شەهید کران و کورد ئەو ژنە ئازادیخواز و سەركردە دیارانەی ژنانی لەدەستدا، کە بە دەستێكی ڕەش و ناحەز تیرۆركران".

ک.س