لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی، ٤٢مین ساڵیدای دامەزراندنی پەکەکە بە جۆشێکی مەزنەوە پیرۆزکرا.
ئەمڕۆ کە ٤٢مین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی کرێکانی کوردستان-پەکەکە بوو، لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە شارۆچکەی مەخمور، ئاهەنگێکی گەورە ساز کرا و ساڵیادی پەکەکە پیرۆز کرا.
ئاهەنگەگە لە ناوەندی چاند و هونەری مەخمور بەڕێوەچوو، بە ژمارەیەکی بەرچاو هاوڵاتیان بەشدارییان تێدا کرد.
لە شوێنی ئاهەنگەکە ئاڵا و پۆستەری پەکەکە، هەپەگە، یەژاستار و پۆستەی ڕێبەری گەلی کورد’عەبدوڵا ئۆجالان’ هەڵواسرابوون.
لە سەرەتادا پاکستان بیلەن، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی مەخمور وتارێکی پێشکەش کرد و جەژنی ژیانەوەی لە ڕێبەر ئاپۆ و شەڕڤانانی ئازادیی و گەلی کورد بەگشتیی پیرۆز کرد، وتیشی: باوەڕمان وایە ئەمساڵ دەبێتە ساڵی ئازادیی ژن و گەلانی بندەست، گەلی کورد لە سایەی پەکەکەوە خۆی ناسی و خاوەن لە کلتور و مێژووی خۆی دەرکەوت، دووژمن لە هێزی پەکەکە دەترسێت و بە هۆڤانە هێرش دەکاتە سەر کورد و کوردستان، ئەمەش نیشانی دەدات کە دووژمن چۆن تەنگەتاو بووە.
دواتر نوێنەرانی هەریەک لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان و حزبی شیوعی، کە لە شارۆچکەی مەخمورەوە هاتبوون و بەشداریی ئاهەنگەکەیان کردبوو، پەیام خوێندرانەوە و پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکەیان کرد.
لە کۆتاییشدا گروپی میوزیک و هونەرمەند بەربانگ ئاگری، بە میوزیک و گۆرانیی ئاهەنگەکەیان بەجۆشتر کرد و بەشداربووان بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە گۆڤەندیان گێڕا.
ش.ف