لە کامپی پەنابەرانی مەخمور و شارۆچکەی شەنگال بەدوو ئاهەنگ، ٤٣یەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە توێژە جیاجیاکان بەرز ڕاگیرا.
ئێوارەی دوێنێ هەریەک لە یەکێتی ژنانی گەنجی ئێزدیی و یەکێتی گەنجانی ئێزدیی لە باخچەی سەرۆک ئاپۆ لە دۆڵی کارسێی چیای شەنگال ئاهەنگێکیان بۆ پیرۆزکردنی ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە ڕێکخست و سەدان کەس بەشدارییان لە ئاهەنگەکەدا کرد.
لە ئاهەنگەکەدا حەنان شەنگالی بەیاننامەی چالاکییەکەی خوێندەوە، تێیدا وێڕای پیرۆزکردنی ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە، ئاماژە بەوەشکرابوو: گەریلا لەمساڵدا بە تێکۆشان و بەرخۆدانێکی گەورە داستانی نووسییەوە، ئێمە پیرۆزباییان لێدەکەین و سڵاو ئاراستەی بەرخۆدانەکەیان دەکەین، سۆزیش بە هەموو ئەو هەڤاڵانە دەدەین کە گیانیان فیداکردووە، ئەمساڵ دەبێتە ساڵی تۆڵەسەندنەوە و مسۆگەرکردنی سەرکەوتن.
دواتر گۆرانی سروودی شۆڕشگێڕیی لەلایەن ناوەندی کەلتوور و هونەری شەنگالەوە پێشکەشکران و تا درەنگانێک هەڵپەڕکێ و ئاهەنگگێڕان بەردەوام بوو.
هاوکات هەر ئێوارەی دوێنێ لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور، بە بەشداریی توێژە جیاجیاکانی دانیشتووی کامپەکەکە، ئاهەنگێکی پیرۆزبایی بۆ ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە سازکرا.
ئاهەنگەکە لە ناوەندی کەلتوور و هونەری مەخمور ڕێکخرابوو، چەندین وێنە و پۆستەری ڕێبەر ئۆجالان و ئاڵای پەکەکە و وێنەی بەشێک لە شەهیدانی پێشەنگ هەڵواسرابوو.
حاجی کاچان، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی کامپەکە وتارێکی لە ئاهەنگەکەدا پێشکەشکرد و تێیدا باسی لەوەکرد: پەکەکە هیوای بەخشییە ئەو گەلانەی، کە بەدەست داگیرکەرانەوە مافەکانیان لێ زەوت کرابوو، زمان و کەلتووریان لێ قەدەغەکرابوو، پەکەکە تەنها پارتێکی گەلی کورد نییە، بەڵکو پارتێکە بۆ هەموو گەلانی ژێردەست.
دواتر جگە لە نمایشکردنی دوو شانۆگەریی بەناوی مەخمور تیڤی و کۆچی ئەوروپا، هەریەک لە گروپە میوزیکییەکانی تەڤچاند و کەوانەی زێڕین گۆرانیی و بەرهەمەکانیان پێشکەشکرد و گروپی هەڵپەڕکێی شەهید شیلان گۆییش بەرهەمێکیان پێشکەشکرد، ئاهەنگەکە تادرەنگانێک بە هەڵپەڕکێ و ئاهەنگگێڕان درێژەی هەبوو.
مەخمور
شەنگال
ب.ل