لە مەخمور و ڕانیە بۆ ئۆجالان ڕێپێوانی بەمەشخەڵ ئەنجامدرا

گەنجانی شارۆچکەی ڕانیە، ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین و کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی- مەخمور، ڕێپێوانی بەمەشخەڵیان دژی پیلانگێڕی ١٥ی شوبات لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان، رێبەری پەکەکە ئەنجامدا و تێیدا جەختیان لەوەکردەوە، کە بۆ شکاندنی گۆشەگیریی و ئازادکردنی ئۆجالان تێدەکۆشن.


ئەمشەو لەشارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر، ڕێپێوانی بەمەشخەڵیان ئەنجامدا و تێیدا دروشمەکانی 'بێ سەرۆک ژیان نابێت و بژی سەرۆک ئاپۆ' و چەندین دروشمی دیکەیان وتەوە، هەروەها جەختیان لەوەکردەوە، کە ئۆجالان لە ئیمراڵی لەبری هەموو گەلان بەرخۆدان دەکات، بۆیە ئەوانیش بۆ ئازادیی ئۆجالان تێدەکۆشن.

هەر ئەمشەو، لەکامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی- مەخمور، ڕێپێوانی بە مەشخەڵ بەدەستپێشخەری بزوتنەوەی گەنجانی مەخمور و بزوتنەوەی ژنانی مەخمور ئەنجامدرا.

ڕێپێوانەکە لەبەردەم شارەوانی کامپی مەخمور دەستیپێکرد و هەتا بەردەم ڕێکخراوی چاند و هونەری مەخمور بەردەوام بوو.

لە ڕێپێوانەکەدا، 'دروشمی گۆشەگیریی تێکبشکێنە، فاشیزم هەڵوەشێنە، لەگەڵ ڕێبەرایەتی بە ئازادیی بژی'، هەڵگیران و دروشمەکانی بێ سەرۆک ژیان نابێت و بڕوخێ فاشیزم وترانەوە، گەنجانی بەشداربووی خۆپیشاندانەکە باسیان لەوەکرد، کە ئەوان هەمیشە بۆ شاکاندنی گۆشەگیریی و ئازادی ئۆجالان تێدەکۆشن، ڕاشیانگەیاند، کە گۆشەگیریی ئیمراڵی قبوڵناکەن.

د.ع