چوؤرشەممە, 25 يول 2018 – 12:01 ڕۆژنیوز – بۆتان گەرمیانی
بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی گەرمیان، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ-دا ١١٤ حاڵەتی هاتووچۆ تۆمارکراوە، بەهۆی ئەم ڕووداوانەشەوە ۱۲کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٦٠ برینداربوون.
ئەو ڕووداوانەش لە کۆی ۱٥۳ ئۆتۆمبێل و ۲۳ ماتۆڕسکیل بووە، کە لەناویاندا ٨۱ ئۆتۆمبێلیان مەرجی توندوتۆڵییان نەبووە و ۳٦ ئۆتۆمبێلیشیان پشتوێنی سەلامەتییان بەکارنەهێناوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو ١٠٣ ڕووداو تۆمارکراوە و لە کۆی ئەو ڕووداوانەش ٢٧ هاوڵاتیی گیانیان لەدەستداوە و ١٣٢ کەس برینداربوون.
بەگوێرەی ئامارەکە دەردەکەوێت، کە ئەگەرچی ژمارەی ئەو کەسانەی لەو ڕووداوانەدا گیانیان لەدەستداوە کەمیکردووە، بەڵام ژمارەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ و بریندارەکان زیادیان کردووە.
بەهۆی هەبوونی دوو مەرزی نێودەوڵەتیی (پشتە و پەروێزخان)، و چەند مەرزێکی لاوەکیی، کە هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئێران بەیەکەوە دەبەستنەوە، سىنووری ئیدارەی گەرمیان وەک ناوچەیەکی بازرگانیی لێهاتووە و بەمەش فشارێکی زۆر لەسەر ڕێگاکانی هاتووچۆی سنوورەکە دروستبووە، زۆربەی ئەو ڕووداوانەشی ڕوودەدەن پێکدادانی بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی بچوکە و کارەساتبارن.
هەندێک جار و بەتایبەت لە وەرزی گەرمادا، ئەو بارهەڵگرانەی سوتەمەنیی دەگوازنەوە بۆ وڵاتی ئێران لەکاتی وەرگەڕان یان پێکدادان گڕ دەگرن، یان گاز و ڕۆنێکی زۆر دەڕژێتە سەر شەقامەکە، بەمەش جگە لە خۆیان زیان بە ژینگە و ئۆتۆمبێلەکانی دەوروبەریشیان دەگەیەنن.
محەمەد سەباح، شۆفێرێکی گواستنەوەی نەفەرە لە هێڵی کفری- کەلار و پێیوایە، کە خراپیی ڕێگاوکان و یەک سایدیی شەقامەکان هۆکاری زۆربوونی ڕووداوەکانی هاتووچۆ-ن و بۆ ڕۆژنیوز، وتی: ئەگەر پرۆژەی دووسایدکردنی ڕێگاکان تەواو ببێت ڕووداوەکان زۆر کەمتردەبنەوە.
محەمەد، ئاماژەی بە ناشارەزایی شۆفێر-یش کرد و بۆ ئەوەش ڕەخنەی لە بەڕێوبەرایەتیی هاتووچۆ گرت و وتی:”خولی فێربوونی شۆفێریی و سیستمی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێریی زۆر لاوازە، هەندێک جار بە واستە مۆڵەتی شۆفێریی دەردەهێنرێت”.
ئەو شۆفێرە بەردەوامبوو لە ڕەخنەگرتن لە بەڕێوبەرایەتیی هاتووچۆ و وتی:”سزا و یاساکانی هاتووچۆ تەنها بۆ هەژاران جێبەجێ دەکرێت، کەسانی نزیک لە دەسەڵات بۆ هیچ سەرپێچییەک سزانادرێن و ئەمەش هاندەرێکی گەورەیە بۆ زیادبوونی ئەنجامدانی سەرپێچیی”.
بەپێچەوانەی وتەی ئەو شۆفێرە، کارزان مەجید، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی گەرمیان پێیوایە، کە سەرپێچیی و پابەندنەبوونی شۆفێران بە ڕێنماییەکانی هاتووچۆ هۆکاری سەرەکیی زۆربوونی ڕووداوەکانی هاتووچۆیە و وتی:”لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک ٥٠٠ هەزار ئۆتۆمبێل هەیە و لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار سەرپێچیی تۆمارکراوە، ئەم ڕێژەیەش زۆر مەترسیدارە”.
کارزان مەجید، لە ئاسانکاریی پێدانی مۆڵەت-دا هاوڕای شۆفێرەکە بوو، وە بە سیستمێکی شکستخواردووی ناوبرد و وتی:”بە شێوەیەکی ئاسان مۆڵەت دەدرێت بە هاوڵاتیان و زانیارییەکی ئەوتۆیان پێنادرێت، پێویستە نووسینگەکانی فێربوونی شۆفێریی بکرێن بە پەیمانگا و ماوەی ڕاهێنانی شۆفێر، کە ئێستا ١٥ ڕۆژە زیاد بکرێت، لانی کەم لە شەش مانگەوە بۆ دوو ساڵ، هەروەها بەپێی جۆری ئۆتۆمبێلەکان بەشی جیاواز بکرێنەوە و ڕاهێنانی تایبەت بە شۆفێران بکرێت، ئەوکات بڕوانامەی مۆڵەتی شۆفێرییان پێبدرێت”.
لە وەڵامی ئەوەی، کە ئەگەر بەو جۆرە خراپە بۆچی بەڕێوبەرایەتیی هاتووچۆ سیستمەکە ناگۆڕێت؟، ناوبراو، وتی:”گۆڕینی ئەم سیستمە بەپێی یاسا لە دەسەڵاتی وەزیری ناوخۆدایە، ئێمە چەندجارێک ئەم پێشنیارەمان بەرزکردووەتەوە و لە ئێستادا لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە پەسەند کراوە و قسەی لەسەر دەکرێت بۆ جێبەجێکردنی، بەڵام کاتی پێویستە بۆ جێبەجێکردنی”.
بەڕێوبەری هاتووچۆی گەرمیان، دانی بە خراپیی ڕێگاکانی هاتووچۆی گەرمیاندا نا و وتی:”ڕێگاوبانی هاتووچۆی گەرمیان لە دۆخێکی کلاسیکی و خراپدان، بەڵام خۆشبەختانە لە ئێستادا سەرجەم تۆڕەکانی هاتووچۆی گەرمیان، بە کرداری لەژێر پرۆژەی چاکسازیی و بە جووت ساید کردندان، بەتەواوبوونی ئەم پرۆژانەش ڕووداوەکانی هاتووچۆ بەشێوازێکی بەرچاو کەمدەبنەوە”.
س.ح